ڤیدیۆ؛ دهۆک پاڵەوانی جامی عێراقە

19-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی دهۆک
یانەی دهۆک
نیشانەکردن یانەی دهۆک یانەی زاخۆ جامی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاریی کۆتایی جامی عێراق، لە یاریگەی شەعب لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە یاریگە بە جوانیی هاندەرانی زاخۆ و دهۆک بە جوانترین شێوە دەرکەوت.
 
هەردوو تیپ لەنێو گەرموگۆڕییەکی زۆر هاندەرانیاندا هاتنە نێو یاریگە بۆ رکابەریکردن لەسەر بوون بە پاڵەوانی جامی عێراق.
 
یەکەم هێرشی راستەقینەی یارییەکە لە خولەکی 7 بوو، کاتێک ناسر محەممەدو مەترسیی خستە سەر گۆڵی دهۆک، بەڵام محمەمەد ساڵح تۆپەکەی گەڕاندەوە.
 
لە خولەکی 20 جارێکی دیکە ناسر محەممەدو، بەڵام ئەمجارەش محەممەد بە نەخێر وەڵامی دایەوە.
 
خولەکی 38 بۆ جاری سێیەم ناسر نزیکبوو تۆڕی گۆڵی دهۆک بهەژێنێت، بەڵام گۆڵپارێزی ئەلهویێن چیا لە باشترین کاتەکانیدا بوو و نیوەی یەکەم بەئەنجامێکی سپی و باڵادەستیی زاخۆ کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 62 کەریم دەرویش بەلێدانێکی راستەوخۆ خۆی تاقیکردەوە، بەڵام بێ ئەنجامبوو.
 
پاتریک مارسیلینۆ، بەرگریکاری یانەی زاخۆ بەهۆی تووند یارییکردنەوە دووەم کارتی زەردی پێدرا و بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
لە خولەکی 70 ئەمجەد عەتوان لێدانێکی راستەوخۆی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد، بەڵام محەممەد ساڵح و ستوون رێگەیان بە هەژاندنی تۆڕ نەدا.
 
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا ئیبراهیم غازی هەلێکی ئاسانی بۆ تۆمارکردنی گۆڵ لەدەستدا.
 
یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و رکابەرییەکە چووە کاتی زیادکراو.
 
لە کاتی زیادکراودا هێرشەکانی هەردوو تیپ بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون.
 
لە خولەکی 99 لێدانێکی سزا بۆ دهۆک هەژمارکرا، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە و لێدانەکە رەتکرایەوە.
 
لە دوایین خولەکەکانی کاتی زیادکراو، یانیک زاکیری نزیکبوو بە گۆڵێکی جوان رکابەرییەکە کۆتاییبهێنێت، بەڵام عەلی کازم تۆپەکەی گەڕاندەوە.
 
کاتی زیادکراویش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، ئیدی کاتی لێدانەکانی یەکلاکەرەوەیە و هەمووان چاوەڕێی گۆڵپارێزەکان دەبن.
 
لە سێیەم لێدانی یەکلاکەرەوەدا محەممەد عەلی عەبود، یاریزانی زاخۆ تۆپەکەی بە بەرزایەکی زۆر بەسەر ستووندا هاوێشت.
 
لێدانی کۆتاییە، کەریم دەرویش گۆڵ بکات دهۆک دەبێتە پاڵەوان، عەلی کازم تۆپەکەی گەڕاندەوە، بەڵام ناوبژیوان بڕیاری دووبارەکردنەوەی دا.
 
ئەمجەد عەتوان و ئەحمەد ئیبراهیم داوا دەکەن بگەڕێتەوە بۆ ڤار، ناوبژیوان بڕیاری گەڕانەوەیدا شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو یاریگەدا روویدا.
 
دوای ماوەیەکی زۆر لە وەستانی یارییەکە، لێدانەکە دووبارەکرایەوە، ئەمجارە کەریم گۆڵی تۆمارکرد، دهۆک یارییەکە بە پێنج لێدان بەرامبەر سێ لێدان بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی عێراق.
 
هاروون ئەحمەد بە ئاڵای کوردستانە، جامی عێراقی لە باوەش کرد و لەنێو دڵخۆشییەکی زۆری ئەلهویێن چیا و لەنێو یاریگەی شەعب لە بەغدا جامەکەی بەرزکردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە