رووداو دیجیتاڵ
رەفتارێکی شۆکهێنەر لە یاریزانانی ریال مەدریدەوە هەمووانی شۆککردووە و پرسیاری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە بۆچی یاریزانانی یانەی شاهانە ئامادەی رێوڕەسمی ماڵئاواییکردنی ریال مەدرید لە لوکاس ڤاسکێزی هاوڕێیان نەبوون؟!
لە دیمەنێکدا کە دڵسۆزترین هاندەرانی ریال مەدریدیش چاوەڕێیان نەدەکرد، تەنیا دوو یاریزان لە تیپی یەکەم ئامادەی ئاهەنگی ماڵئاوایی لوکاس ڤاسکێزی ئەستێرە و کاپتنی ریال مەدرید بوون، کە ساڵانێکی درێژی لە خزمەتی یانە شاهانەکەدا بەسەربردووە لەوەتەی لە ساڵی 2007 پەیوەندی بە ئەکادیمیاکەوە کردووە.
ئاهەنگەکە کە لە مەدریدی پایتەخت بەڕێوەچوو، تەنیا کیلیان ئێمباپێ و گۆڵپارێزی ئۆکراینی، ئاندرێ لونین ئامادەی بوون، کە پشووە تایبەتەکەیان لە دوای جامی جیهانی یانەکان کپتایی پێهینابوو بۆ ئەوەی لەو ساتە کاریگەرەدا پشتگیریی هاوڕێکەیان بکەن، ئەمەش بەپێی ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرای کردووە.
جێگەی سەرنجە کە ناوە گەورەکانی تیپەکە وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ لە بۆنەکەدا ئامادە نەبوون، سەرەڕای ئەوەی لە مەدرید بوون بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئێندریکی یاریزانی بەرازیلی. ئەمەش هاندەرانی تووڕەکرد و بە خیانەتیان زانی بەرامبەر بە مێژووی یەکێک لە دڵسۆزترین یاریزانانی یانەکە.
هاندەران تووڕەن: ڤاسکێز شایەنی ماڵئاواییەکی گەورەتر بوو
ڤاسکێز بەشداری لە 502 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە کردووە، کە تێیاندا 38 گۆڵی تۆمارکردووە و 73 ئەسیستی کردووە، هەروەها بەشێک بووە لە نەوەی زێڕینی یانەکە کە پێنج جار نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێناوە.
سەرەڕای ئەم مێژووە پڕشنگدارە، ڤاسکێز ئامادەبوونێکی شایستەی لەلایەن هاوڕیکانییەوە بەخۆیەوە نەبینی، ئەمەش وای لە هاندەرانی ریال مەدرید کرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.
یەکێک لە هاندەران نووسیویەتی "هەموو رێزێک بۆ ئێمباپێ و لونین.. ئەمەیە واتا راستەقینەکەی وەفاداری"، لەکاتێکدا یەکێکی دیکە ئامادەنەبوونی یاریزانەکانی دیکەی بە "شەرمەزاری" وەسف کرد کە شایستەی مێژووی یانەکە نییە.
ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران داوایان لە کارگێڕیی یانەکە کرد کە پێویستە کولتووری وەفاداری لەناو ژووری جلگۆڕیندا بەهێز بکرێت، بەتایبەتی دوای دووبارەبوونەوەی دیمەنی هاوشێوە لە ماڵئاوایی یاریزانانی پێشوودا.

وتارە کاریگەرەکەی ڤاسکێز: ماڵئاوایی لە ریال مەدرید ناکەم
لە ساتێکی پڕ لە هەستدا، ڤاسکێز وتارێکی کاریگەری پێشکێش کرد و تێیدا گوتی "ئەمڕۆ دەبوو بڵێم ماڵئاوا، بەڵام من ئەمە ناکەم. ماڵئاوایی لە ریال مەدرید ناکەم، چونکە بەسادەیی بەشێکە لە من. من بە خەونێکەوە هاتمە ئەم یانەیە و چەندینجار بەهۆی ئەم درێسەوە خەونەکەم هاتەدی".
هەروەها گوتیشی "بەهەموو دڵمەوە بەرگریم لەم دروشمە کردووە و هەمیشە وەک مەدریدییەک دەمێنمەوە. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەم ساڵانەدا پاڵپشتیان کردووم، لە هاندەرانەوە بگرە تاوەکو ستافی راهێنەران و تەنانەت هاوڕێکانیشم لە تیپەکەدا".
وشەکانی دڵی هەمووانی جوڵاند و وەک بیرهێنانەوەیەک بوو بۆ بەهای وەفاداری و سەر بە یانە بوون، ئەمەش ئەو شتە بوو کە ئاهەنگەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆربەی ئەستێرەکانەوە کەمی بوو.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا هیچ بڵاوکراوەیەکی فەرمی لەبارەی ئامادەنەبوونی یاریزانەکانەوە دەرنەکردووە، ئەمەش پرسیاری هاندەرانی زیاتر کردووە سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم سارد و سڕییە سۆزدارییە بەرامبەر بە یەکێک لە هێماکانی یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ