رووداو دیجیتاڵ
یانەی شەقڵاوە بەهێنانی ژمارەیەک یاریزان دەیەوێت رکابەری بکات لە یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە نایابەکانی کوردستان. سەرۆکی یانەکەش دەڵێت "ئەمساڵ یانەکەمان ژمارەیەکی قورس دەبێت لە خولی کوردستاندا".
شەقڵاوە یەکەم بەشداریکردنیەتی لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی سەیدسادق پێکەوە دوو بلیتی گەیشتن بە خولی نایابی کوردستانیان بڕی.
لە دەستپێکی کردنەوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانانی خولی نایابی کوردستان، یانەی شەقڵاوە گرێبەستی لەگەڵ کێوان قادر یاریزانی پێشووی یانەی کۆیە واژۆکرد، هەروەها یانەکە لەگەڵ وڵات محەممەدی گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی یانە پلەیەکەکان لەسەر هێڵە وا چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو وڵات درێسی شەقڵاوە بپۆشێت.
زیاد خۆشناو، سەرۆکی یانەی وەرزشی شەقڵاوە، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "بۆ وەرزی ئەمساڵ دەمانەوێت ژمارەیەکی قورس بین، هەربۆیە تیپەکەمان بە هێنانی ژمارەیەک یاریزانی ئەستێرە دروستدەکەین و دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین و لەگەڵ باشترین یاریزانانی شاری سلێمانی، کەرکووک و چەمچەماڵ گەیشتووینەتە گفتوگۆی کۆتایی و ماوەتەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ واژۆکردنی گرێبەست".
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەستپێدەکەن، یارییەکان بەشێوازی خول و بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەچن.
خۆشناو ئەوەشی روونکردەوە "وڵات محەممەد یاریزانێکی ئاستبەرزە و چاومان لە تواناکانیەتی، متمانەی راهێنەرایەتیش هەر دەدەینەوە مستەفا بابازادەی راهێنەری ئێرانی، لەبەرئەوەی ئەنجامێکی باشی لەگەڵ یانەکەمان هەیە".
یانەی وەرزشیی شەقڵاوە لە 1993 دامەزراوە، یانەکە جیا لە تۆپی پێ لە یارییەکانی بالە، تۆپی سەرمێز، تایکواندۆ و کیک بۆکسینگ رکابەری لە پاڵەوانێتیەکانی عێراق و نێودەوڵەتی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ