کریستیانۆ لە بنزیمای بردەوە و گەیشتنە یاریی کۆتایی

19-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەسڕ جامی سوپەری سعودیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتیی یانەی نەسڕی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە، دوای ئەوەی سەرکەوتنیان بەرامبەر یانەی ئیتیحاد بەدەستهێنا.

لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامەکەدا کە یارییەکانی لە هۆنگ کۆنگ دەکرێن، هەردوو یانەی نەسڕ و ئیتیحاد رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئەمە یەکەم یاریی فەرمی نەسڕ بوو لە ژێر سەرپەرشتی خۆرخی خیسوس، راهێنەری نوێی یانەکە.
 
دوای 10 خولەک یارییکرد سادیۆ مانێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەسڕ تۆمارکرد، بەڵام دوای تەنیا شەش خولەک ستیڤن بێرخڤاین گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ ئیتیحاد گەڕاندەوە.
 
لە خولەکی 25 بەهۆی تووند یارییکردنەوە سادیۆ مانێ کارتی سووری پێدرا و نەسڕ بە 10 یاریزانەوە یاریی دەکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 61 کریستیانۆ رۆناڵدۆ کارێکی گەورەی کرد کاتێک بەتەنیا لەگەڵ گۆڵ مایەوە و تۆپەکەی دایە جواو فێلیکس، ئەو یاریزانەش یەکەم گۆڵی خۆی بەدرێسی نەسڕەوە تۆمارکرد و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی زەردپۆشەکان گۆڕی.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە، نەسڕ یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیە.
 
رۆژی چوارشەممە، لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا هەردوو یانەی ئەهلی و قادسیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رۆژی شەممەی داهاتوو براوەی ئەو یارییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە رووبەڕووی نەسڕ دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە