ئیدارەی بارسێلۆنا هێشتا چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی عوسمان دێمبێلی ئەستێرەی فەرەنسییە، بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، چونکە تاوەکو ئێستا عوسمان خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە و دیار نییە لە بارسا دەمێنێتەوە، یان هاوینی داهاتوو بارسێلۆنا جێدەهێڵێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا: "یانەی بارسێلۆنا ئامادەیی نیشانداوە گرێبەستی عوسمان دێمبێلی نوێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان لەلایەن بریکاری یاریزانە فەرەنسییەکەوە پێنەگیشتووە، بۆیە ئیدارەی بارسا چەند هەفتەیەک دەرفەت بە یاریزانی ناوبراو دەدەن، بۆ ئەوەی هەڵوێستی کۆتایی خۆی سەبارەت بە ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگەیەنێت".
رۆژنامەکە روونیشیکردەوە: "بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیان وایە عوسمان دەیەوێت لە یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام بێت، بەڵام ئارامگری بەرپرسانی یانەکەش سنووری هەیە، چونکە لە حوزەیرانی 2022 ماوەی گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، بۆیە بەرپرسانی بارسا هەموو هەوڵێک دەدەن، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بگەن بە دەرئەنجامێک، سەبارەت بە چارەنووسی ئەستێرەی یانەکەیان".
سەرباری ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی بارسێلۆنا چەند جارێک بۆندیان پێشکێشی عوسمان دێمبێلی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەوەشی پڕۆسەکەی پەکخستووە عوسمان دێمبێلی بریکارەکەیەتی کە تاوەکو ئێستا هەڵویستی خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاماژە بەوەش دەکات: "یاریزانە تەمەن 24ساڵییەکە دوای ئەوەی لەلایەن چاڤی هێرناندێزی راهێنەری نوێی یانەکەوە گرنگی پێدەدرێت و بەرپرسانی یانەکەش رەزامەندی چاڤییان وەرگرتووە، تاوەکو گرێبەستی عوسمان نوێبکەنەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەردوولا بگەنە رێککەوتن سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی دێمبێلی".
عوسمان دێمبێلی لە هاوینی 2017 بە بەهای 135 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە، پەیوەندی کرد بە یانەی بارسێلۆناوە کرد، بەڵام پێکانە یەک لەدوای یەکەکان رێگربوون لەبەردەم درەوشانەوەیدا، چونکە لە ژیانی وەرزشیدا 25 جار تووشی پێکان بووە، کە 21 جاریان لە یانەی بارسا دووچاری پێکان بووە.
دێمبێلی لە ژیانی وەرزشیدا 12 نازناوی بەدەستهێناوە، کە 7یان لەگەڵ بارسێلۆنا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ