رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ لەگەڵ جۆرجینای خۆشەویستی چوونە کۆشکی سپی لە ئەمریکا و بەشدارییان لە ئێوارەخوانێکدا کرد کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ محەممەد بن سەلمان، شازدەی جێنشینی سعودیە رێکخرا بوو.
کریستیانۆ لە ئێوارەخوانەکەدا لە ریزەکانی پێشەوەی هۆڵەکە دانیشت کە دەیان کەسایەتیی لە بوارە جیاوازەکاندا لە ئێوارە خوانەکەدا بەشداربوون، لەوانەش ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری تێسلا و تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتاری بەخێرهاتندا بەتایبەت ئاماژەی بە ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و گوتی "زۆر میوانی گەورە و باڵای دیکەمان لێرەن کە باوەڕپێنەکراون. نامەوێت زۆر درێژە بە قسەکانم بدەم، چونکە ئەگەر وا بکەم دەبێت تاوەکو شەو لێرە بین. ئەم هۆڵە پڕە لە گەورەترین سەرکردەکانی جیهان، لە بواری بازرگانی و وەرزشدا. دەزانن، کوڕەکەم هەوادارێکی سەرسەختی رۆناڵدۆیە، رۆناڵدۆ لە هەر شوێنێکی ئەم هۆڵە بێت و بارۆن توانی بیبینێت و پێموایە ئێستا تۆزێک زیاتر رێز لە باوکی دەگرێت تەنیا لەبەر ئەوەی کە پێم ناساند، بۆیە تەنیا دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ ئامادەبونتان، بەڕاستی جێگای شانازییە."
سەردانی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە دوای ساڵی 2018ـەوە بۆ یەکەمجار سەردانی ئەمریکای کرد و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا.
رۆژی سێشەممە و بەر لە ئەنجامدانی ئێوارەخوانەکە، هەواڵی چوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ واشنتن بڵاوکرایەوە و هەر زوو کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا، دوای ئەوەش جۆرجینا بە دوو پۆست لە ئینستاگرام سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا پشتڕاستکردەوە.


لە ئێوارەخوانەکەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینا ئامادەبوون، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە چاوی بە جیانی ئینفانتنیۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانیش کەوت، کە ئێستا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی هەیە و چەندینجار لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی یارییەکانی مۆندیالی 2026 کۆبوونەوەیان کردووە.
ئەم سەردانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ئەمریکا لەسەر ئاستێکی فەرمی و بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانەکەی کۆشکی سپیدا، لەکاتێکدایە یاریزانەکە هاوینی ساڵی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا دەکات، کە یارییەکانی لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ