ڤیدیۆ.. هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی خولەکانی کوردستان

19-12-2020
ئیحسان تاهیر
رووداو
رووداو
نیشانەکردن سیروان نەجمەدین یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتال

سیروان نەجمەدین، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتییەکەیان بڕیاریداوە لەمەودوا رێگە بە هاندەران بدات، ئامادەی یارییەکانی خولەکانی تۆپی پێی کوردستان ببن.

سیروان نەجمەدین، میوانی بوولتەنی وەرزشیی رووداو بوو، ئەو گوتی "لە رێگەی رووداوەوە موژدەیەک بە هاندەرانی تۆپی پێی کوردستان دەدەم".

کاتێک رووداو پرسیاری ئەوەی لێکرد کە لە هەندێک یاری خولی نایابی کوردستاندا دەبینرێت هەندێک هاندەر ئامادەی نێو یاریگەکان دەبن، لە کاتێکدا یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان رێگە بە هاندەر نادات بچنە نێو یاریگەکان؟ سیروان نەجمەدین لە وەڵامدا گوتی "یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان چەند بڕیارێکی داوە هێشتا راماننەگەیاندوون، بەڵام لەبارەی هاندەرانەوە دەمەوێ بۆ یەکەمجار و پێشوەختە لە رێگەی رووداوەوە ئاشکرای بکەم".

ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، گوتی "یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریداوە لەمەودوا هاندەران بە رێژەی 50٪ ئامادەی یارییەکانی خولەکانی کوردستان ببن، بەڵام بەپێی رێنمایی تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی کوردستان".

سیروان نەجمەدین، هەروەها گوتی "سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان پەیوەندی بە پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگای کوردستانەوە کردووە و بڕیارەکەی پێڕاگەیاندوون، ئەوانیش رەزامەندییان نیشانداوە".

ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، دووپاتیکردەوە "لە گەڕی داهاتووی خولی نایابی کوردستاندا هاندەران دەتوانن بە رێژەی 50٪ ئامادەی یارییەکان ببن، بەڵام بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە