رووداو دیجیتاڵ
ئەنوەر رەشید، راهێنەری یانەی رزگاری، پێیوایە تیپەکەی ئێستا رکابەریی لەسەر نازناوی خولی نایابی کوردستان دەکات، روونیدەکاتەوە شێوازی چێژبەخشی یارییکردنی ئەوان، وایکردووە هەمووان حەزبکەن یاریی بۆ یانەی رزگاری بکەن.
ئەنوەر رەشید، 40 ساڵ، وەرزی رابردوو پێشەوایەتیی یانەی رزگاریکرد بۆ گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان، کە ئەوە یەکەمجاربوو یانەکە، ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنێت.
ئەنوەر رەشید بەڕووداوی گوت، "دەستەی کارگێڕی هەرگیز دەستوەرنادەنە نێو کاروبارەکانمەوە، هەمووکات پێمدەڵێن، سەرکەوتنەکانت بۆ خۆت و ئەنجامە خراپەکانیشت بۆ خۆت، ئەگەر ئەنجامت باشبوو، با خەڵک دەستخۆشی لە تۆ بکەن، ئەگەر خراپیش بووی، با خەڵک سەرکۆنەی تۆ بکەن".
رزگاریی، وێڕای ئەزموونی کەمی لە خولی نایابی کوردستان، لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا، لە کۆی 14 یاریی، تەنیا یەک یاریی دۆڕاوە. شەش بردنەوە و حەوت یەکسانبوونی هەیە، بەبڕوای راهێنەرەکەی، هۆکارەکە بۆ هەستکردن بەبوونی تیپەکە وەک خێزانێک دەگەڕێتەوە، ئەو دەڵێ، "یانەکەم وەک خێزان لێکردووە، هەموو یارییەک بەبردنەوە یان دۆڕان دەستخۆشییان لێدەکەم".
ئەنوەر ئاماژە بەوەدەدات کە هەندێک یاریزان، رۆڵی گەورەتر لە رۆڵی یاریزان لە تیپەکەدا دەبینن، "هەندێک لە یاریزانەکانم وەک راهێنەر وان، ئەگەر کەموکووڕییەک هەبێت لە تیپەکەدا، خۆیان دەچن گفتوگۆ لەگەڵ یانەکان دەکەن بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بهێنن".
راهێنەری رزگاری پێیوایە، شێواز و ستایلی یارییکردنی تیپەکەی ئەوان، هۆکارە بۆ ئەوەی یانەکە خاوەنی زۆرترین جەماوەر بێت لە گەرمیان، ئەو دەڵێ، "هۆکارەکە ئەوەیە یاریی ئێمە زۆر بەچێژە. هاندەریشمان رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت".
ئەنوەر رەشید، ستایلێکی هێرشبەرییانەی تەواو لە یارییەکانیدا دەگرێتەر بەر، رزگاری خاوەنی 16 گۆڵە لە 14 یاریدا و دەڵێ ئەوەی کە تاوەکو ئێستا لە خولەکەدا پێشانمانداوە، وایکردووە یاریزانان حەزبکەن بۆ تیپەکەی ئێمە یاریی بکەن.
ئەنوەر ئاماژە بەوەدەدات، ئەنجامەکان هۆکارن بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی یاریزانان لەسەر تیپەکەی ئەو. دەڵێ، "لەسەرەتادا کێشەی ئەوەمان هەبوو کە نەماندەتوانی یاریزان بگوازینەوە، چونکە یاریزانەکان دەترسان بێن بۆ تیپەکەمان، بەهۆی ئەوەی دەیانگوت ئەم یانەیە لە نایابدا نامێنێتەوە و دادەبەزێتەوە بۆ خولی پلە یەک، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئێستا زۆربەی یاریزانەکان حەزدەکەن روو لە یانەکەمان بکەن، چونکە دەزانن ئێستا یانەکەمان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە دەکات".
ئەنوەر رەشید، ماوەی چوار وەرزە راهێنەری یانەی رزگارییە، پێشتر شەش ساڵ، یاریزانی هەمان یانە بووە و بەر لەبوون بەڕاهێنەری یانەکە، ماوەی سێ وەرز، یاریدەدەری راهێنەری یانەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ