رووداو دیجیتاڵ
لە دوایین قۆناخی پلەی ئۆفی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو کاژێر 22:00 لە یاریی لووتکەدا، فێنارباخچەی تورکی بەسەرکردایەتیی جۆزێ مۆرینیۆ بەرامبەر بێنفیکای پۆرتوگالی یاری دەکات.
یاریی چوون لە یاریگەی فێنارباخچە دەبێت و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر یەکەم بردنەوە و نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکەن.
جۆزێ مۆرینیۆ بەرامبەر بێنفیکا مێژووییەکی گەورەی هەیە و لە 9 یارییدا وەکو راهێنەر 6 جار لەو یانەیەی بردووەتەوە و تەنیا یەکجار بەرامبەر یانە پۆرتوگالییەکە دۆڕاوە و دەیەوێت ئەمشەویش درێژە بەو مێژووەی بدات بەرامبەر یانە پۆرتوگالییەکە.
مۆرینیۆ بەر لە یارییەکە گوتی "من هەمیشە لە بێنفیکام بردووەتەوە، چونکە تیپەکانم لە بێنفیکا باشتر بوون. پۆرتۆکەی من زۆر لە بێنفیکا باشتر بوو. مانچستەر یونایتدەکەی من لە بێنفیکا باشتر بوو، یونیاو دی لێیریای من لەو کاتەدا رەنگە لە بێنفیکا باشتر بووبێت و هەر بۆیەش تیپەکانم چەندین جار لە بێنفیکایان بردووەتەوە."
جۆزێ دەڵێت "بێنفیکای ئێستا تیپێکی لوتکەیە، تیپێکی بەهێزە، تیپێکە خاوەن پێگەیە و چەندین یاریزانی خاوەن ئەزموون و گەورەی هەیە. من هیچ پەیوەندییەک نابینم. پێموایە تەنیا میدیاکانن کە ئەو ئەنجامانەیان لەبیرە، چونکە باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک لە بێنفیکا نیگەرانی ئەوە بێت کە من ئەنجامی باشم دژی بێنفیکا هەبووە."
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە لە هەفتەی داهاتوو دەبێت کاتێک لە پۆرتوگال رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یەکێکیان دەگاتە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ