رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، پلانی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدیان بۆ بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا ئاشکراکردووە.
یەکشەممەی داهاتوو لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ریال مەدرید میوانداریی بارسێلۆنا دەکات لە یەکەم کلاسیکۆی ئەمساڵدا و بەر لە یارییەکە، خاوەن یاریگە بەجیاوازیی دوو خاڵ، لە پێش بارساوەیە لە ریزبەندی گشتیی لالیگا.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە لە رێگەی لامین یامالەوە زیان بە بارسێلۆنا بگەیەنێت و کار بۆ چاوخستنە سەر ئەو یاریزانە دەکات.
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، پلانەکەی ئەلۆنسۆ لەنێو ریال مەدریدەوە دزەی پێکراوە و بریتییە لە قۆستنەوەی هەلی نەگەڕانەوە و بەشدارینەکردنی کاریگەری لامین یامال لە بەرگری تیپەکەی.
ماڵپەرەکە دەڵێ، ئەلۆنسۆ دەیەوێت خاڵی لاوازیی نەگەڕانەوەی لامین بۆ هاوکارییکردنی ژوول کوندێ لە بەرگری بقۆزێتەوە و بەوەش، گوشار لەسەر باڵی راستی بەرگریی بارسا دروست بکات بۆ ئەوەی کوندێ بەتەنیا رووبەڕووی ڤینیسیۆس ببێتەوە.
هەروەها دەڵێ، ریال مەدرید ئەگەرچی وایداناوە کە چاوی لەسەر یارییەکەی یوڤێنتوسە و بیر لە کلاسیکۆ ناکەنەوە، بە راستییەکە ئەوەیە رووبەڕووبوونەوەی بارسا زۆر تیپەکەی سەرقاڵکردووە و شەممەی رابردوو، ئەلۆنسۆ پلانی رووبەڕووبوونەوەی بارسای بیرلێکردووەتەوە و هەمان رۆژ گەیشتووەتە سەر ئەو باوەڕەی، باشترین کار لە کلاسیکۆدا، لێدانی تیپەکەی هانزی فلیکە لە پشتەوە، لە رێگەی بەئامانجگرتنی لامین یامال.
ریال مەدرید و هاندەرەکانی بەترسەوە لە کلاسیکۆ دەڕوانن، بەتایبەت وەرزی رابردوو لە چوار یاریدا بەرامبەر بارسێلۆنا، دووچاری شکستی قورس بوون و ئەمساڵیش لە تاکە یاریی گەورەدا، بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، شکستیان هێنا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید.
ریال مەدرید پێویستیی زۆری بەبردنەوەی کلاسیکۆ هەیە، تاوەکو هاوسەنگیی بەدەست بهێنێتەوە و دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەمساڵ دەتوانێت رکابەریی لەسەر نازناوی لالیگا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ