رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێگەی رووداوەوە هەواڵێکی خۆش دەداتە هاندەرانی یانەی هەولێر و تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی یانەکەی راگەیاند.
پارێزگاری هەولێر میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لەبارەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری و ئامادەبوونی بۆ یاریی رۆژی هەینی لەنێوان هەولێر و شورتە گوتی "بە خۆشحاڵییەوە نۆژەنکردنەوەی یاریگە تەواو بووە، چیمەنی یاریگە تەواو بووە، هەموو ژێرخانی پێویست بۆ یاریگە تەواو بووە، تەنانەت چوار دەوری یاریگە قیرتاو کراوە و تەنیا ماوە تراکەکانی دابنرێت، ئەمڕۆ لیژنەیەک لە بەغداوە دێت هەڵسەنگاندن دەکات."
ئومێد خۆشناو زیاتر گوتی " بڕینی چیمەنی یاریگە تەواو بووە، هێڵکارییەکەی ماوە و لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبێت و دانانی شوێنی گۆڵەکان دەمێنێت، ئەو لیژنەیەی دێت هیوادارم بڕیار لە بەرژەوەندی ئێمە بدەن و ئێمەش دەمانەوێت، ئەو یارییە لەنێو یاریگەی خۆمان ئەنجامبدەین، ورەیەکی بەرزمان هەیە وەکو تیپ و هاندەر، هاندەرانمان لەگەڵ تیپەکەمان و یانەکەمان ئاشتبوونەتەوە و دڵنیام ئەگەر یارییەکە لە هەولێر بکرێت، یاریگە تژی دەبێت لە هاندەرە خۆشەویستەکانمان و شوێن نامێنێت، ئێمە ئامادەین و هیوادارین یارییەکە لە یاریگەی خۆمان بێت و ئەمڕۆ ئەو شاندە بڕیاری خۆی دەدات."
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە بوولتەنی وەرزشیی کاژێر 13:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو، نوێترین دیمەنەکانی یاریگەی فرانسۆ هەریریی گواستەوە و دەڵێت "تیمەکان سەرقاڵی هێڵکاریی یاریگەکەن و دوای کاژێرێکی دیکە تەواو دەبێت، شیشەکانی تایبەت بە گۆڵەکانی یاریگە گەیشتوون و ئامادەکاری بۆ دانانی دەکرێت."
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری یاریگەی فرانسۆ هەریری بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئێمە وەکو کۆمپانیای جێبەجێکار رایدەگەیێنین، چیمەنەکە هیچ کێشەیەکی نییە و ئامادەیە بۆ ئەوەی یاریی لەسەر بکرێت، هێڵەکانی یاریگە لە قۆناخی کۆتاییدان و گۆڵەکانیش دادەنرێن، بەمشێوەیە هیچ کێشەیەک نییە و یاریگەکە بەتەواوی ئامادەیە."
پەیامنێری رووداو دەڵێت "تیمەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە سەرقاڵن بە ئامادەکردنی ژوورەکانی جلگۆڕینی یاریگەی فرانسۆ هەریری و دەیانەوێت یاریگەکە بەتەواوی ئامادەبکەن، بۆ ئەوەی یاریی بەرامبەر شورتە لە هەولێر بەڕێوەبچێت و لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لیژنەیەکی تایبەت لە کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ تیمەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار و تیمەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی لیژنەی هەڵسەنگاندنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق رازیبکەن یارییەکە لە هەولێر بکرێت."
لەم وەرزی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هێشتا یانەی هەولێر هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامنەداوە، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی یانەکەوە هەولێر یارییەکانی لە دهۆک ئەنجامدەدا و هاندەران چاوەڕێن بۆ ئەوەی یاریی بەرامبەر شورتە بگەڕێتەوە یاریگەی فرانسۆ هەریری، هەرچەند بەپێی خشتەی راگەیێنراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە یاریگەی دهۆک یارییەکە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ