سپۆنسەرەکەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا مشتومڕی ناوەتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن جامی نەتەوەکانی ئەفریقا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی، کە سپۆنسەری جامی نەتەوەکانی ئەفریقایە، مشتومڕی زۆری ناوەتەوە. رێکخراوە جیاوازەکان ئەو کۆمپانیایە بەتۆمەتی جیاواز تۆمەتبار دەکەن و رەخنە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا (رێکخەری جامی نەتەوەکانی ئەفریقا) دەکەن، بەهۆی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە.
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە، لە مەغریب رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەبەشداریی 24 هەڵبژاردەی کیشوەرەکە دەستپێبکات. لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، ناوی 'تۆتاڵ ئینێرجی' و دەرکەوتنی لە رێکلامەکانی پاڵەوانێتییەکە، مشتومڕی زۆی دروستکردووە.
 
رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی ئەفریقا، 'تۆتاڵ ئینێرجی' بە جوانکردنی ناوبانگ لە رێگەی وەرزشەوە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەو کۆمپانیایە بەهۆی سپۆنسەریکردنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، تاوانە ژینگەیی و مرۆییەکانی پەردەپۆش دەکات.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە، هەموو شوێنێکی مەغریب بە تابلۆکانی 'تۆتاڵ ئینێرجی' رازێنراوەتەوە. لە تابلۆکانی تەنیشت شەقامەکانەوە تاوەکو نێو یاریگاکان. ئەم کۆمپانیا فرە رەگەزە فەرەنسییە ماوەی 8 ساڵە هاوبەشی یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقایە و ئەمساڵیش گرێبەستی نێوانیان تاوەکو ساڵی 2029 درێژکردەوە. میدیاکان دەڵێن بڕی گرێبەستە نوێیەکە یەک ملیار و 125 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بە زیادبوونێکی گەورە بەراورد بە ساڵانی رابردوو هەژمار دەکرێت.
 
پاتریس موتسێپی، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا بەرگری لە رێککەوتنەکە دەکات و دەڵێ ئەو هاوبەشییە خزمەت بە گەشەپێدانی تۆپی پێ لە 54 وڵاتی ئەفریقیدا دەکات، بەڵام رێکخراوە ژینگەییەکانی وەک 'گرین پیس' تۆمەتی "شووشتنەوەی ناوبانگ لە رێگەی وەرزشەوە" دەدەنە پاڵ کۆمپانیاکە و پێیانوایە کۆمپانیاکە ملیۆنان بینەری وەرزشی بەکاردەهێنێت بۆ باشکردنی وێنەی خۆی لە کاتێکدا زیان بە ژینگەی هەموو جیهان دەگەیێنێت.
 
فرانک هویسینگ، لە کەمپەینی 'تۆپی پێی بێ سووتەمەنی دەڵێت "پیشەسازی سووتەمەنی خۆی بە پاڵەوانەکانی تۆپی پێوە دەبەستێتەوە و درۆی ئەوەمان پێ دەفرۆشێتەوە ناتوانین بەبێ بەرهەمە مەترسیدارەکانی ئەوان بژین. نابێت جامی نەتەوەکانی ئەفریقا رێگە بدات بۆ پەرەپێدانی سووتەمەنییە پیسەکان بەکاربهێنرێت".
 
جگە لە لایەنە ژینگەییەکە، تۆمەتێکی قورستر رووبەڕووی کۆمپانیا سپۆنسەرەکە کراوەتەوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی کلینگیندیلی هۆڵەندی بۆ مافی مرۆڤ، سەربازانی حکومەتی مۆزەمبیق کە ئەرکی پاراستنی وێستگەیەکی گازی ئەو کۆمپانیایەیان لە ئەستۆ بووە، تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە نێوان مانگی 7 بۆ مانگی 9ـی ساڵی 2021. لەو راپۆرتەدا هاتووە 180 کەس لە ناو کۆنتێنەری کەشتییەکاندا زیندانی کراون و زۆربەیان لە سێدارە دراون. کۆمپانیاکە بە تووندی ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت لەو کاتەدا هیچ کارمەندێکی ئەوان لەوێ نەبووە.
 
سپۆنسەریکردنی کۆمپانیاکانی وزە بۆ تۆپی پێ، تەنیا لە ئەفریقا نییە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی وەردەگرێت. فیفا رایدەگەیێنێت ئامانجی ئەوان کۆکردنەوەی زۆرترین داهاتە بۆ ئەوەی دووبارە لە پەرەپێدانی تۆپی پێدا خەرجی بکەنەوە.
 
وڵاتی کۆمۆرۆس کە یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکان و بەشدارە لە پاڵەوانێتییەکەدا، نموونەیەکە بۆ قوربانییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. لە ساڵی 2019دا گەردەلوولی کێنێس زیانێکی گەورەی بەو وڵاتە گەیاند و فیفا هاوکاریی کردن بۆ بنیاتنانەوەی ناوەندێکی وەرزشی. ئەم هاودژییە لە نێوان وەرگرتنی پارەی کۆمپانیاکانی سووتەمەنی و رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان، جێگەی تێڕامانی چاودێرانە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، فیدراسیۆنەکەی بە "دابینکەری فەرمیی بەختەوەری بۆ مرۆڤایەتی" ناودەبات، بەڵام رەخنەگران پێیانوایە ئەگەر ئەم قسەیە راست بێت، دەبێت فیفا و فیدراسیۆنەکان پێشەنگ بن لە پاراستنی ژینگە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی لەدەستدانی بڕە پارەیەکی زۆریش بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە