رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پەیامێکی تووند و یەکلاکەرەوە ئاراستەی یاریزانانی یانەکەی دەکات و پێیاندەڵێت "لێرە دەبێت تا کۆتایی بجەنگن. ئەوەی درێسی ریال مەدرید لەبەربکات دەبێت تاوەکو دوایین چرکە کۆڵ نەدات".
فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی سەری ساڵدا، کە دوێنێ لەلایەن یانەکەوە رێکخرابوو، پەیامێکی تووند و یەکلاکەرەوەی ئاراستەی یاریزانانی تیپی یەکەم بەسەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ کرد.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردووەتەوە، میواندارییەکەی ئەمساڵی سەری ساڵی ریال مەدرید لەڕووی کەشوهەواوە لە ساڵانی پێشوو جیاواز بووە. هەروەها پێرێز لەڕێگەی وتارێکی بەهێز و راستەوخۆوە داوای یەکڕیزی و پاراستنی بەهاکانی یانەکەی لە یاریزانەکانی کردووە.
وتارەکەی پێرێز لەکاتێکدایە کە رەخنەی تووند ئاراستەی یاریزانانی مێرێنگی دەکرێت؛ دوای ئەوەی میدیا ئیسپانییەکان تیشکیان خستە سەر دیمەنێکی مشتومڕاوی سەر کورسیی یەدەگی ریال مەدرید لە کاتی یارییەکەی تالاڤێرا لە جامی شای ئیسپانیا، کە چوارشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو.
لەو یارییەدا مێرێنگی بەئەنجامی 3-2 سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر تالاڤێرا بەدەستهێنا، کە یانەیەکی پلە سێیە.
کامێراکان ڤینیسیۆس و ئێندریکی هاونیشتمانییان لەسەر کورسیی یەدەگ نیشاندا کە بە تووندی پێدەکەنین، رێک دوای ئەوەی تیپەکەیان گۆڵی دووەمی لە کاتی زیادکراوی گێمی دووەمدا لێکرا.
لەم دواییانەدا ڤینیسیۆس بووەتە چەقی چەندین قەیران لە یانە شاهانەکەدا، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانە ئەوەی باس دەکرێت سەبارەت بە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر، جگە لە داواکارییە داراییە بەرزەکانی کە رێگرن لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ یانەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
پێرێز لە وتارەکەیدا گوتی "هەمیشە ئەوەتان بیردەخەمەوە کە پێویستە ئەو بەهایانەتان لەیادبێت کە مێژوو و ئەفسانەیی ریال مەدریدی لەسەر بونیاد نراوە. هەموو ئەو دەستکەوتانەی لەماوەی 123 ساڵی مێژووماندا بەدەستمان هێناون، بەهۆی ئەو بنەمایانەوە بووە کە ئەم دروشم و درێسە نوێنەرایەتی دەکەن: کارکردن، قوربانیدان، پابەندبوون، گیانی ئاڵنگاری، هەوڵی بەکۆمەڵ، رێزگرتن، سادەیی و هاوسۆزی".
هەروەها گوتیشی: "هەمیشە دەڵێم ئینتیما بۆ ریال مەدرید دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەشە. ئێوە دەگەنە دڵی ملیۆنان کەس، دەبێت ببنە نموونە و پێشەنگ بۆ هەموو ئەوانەی لە جیهاندا چاودێریتان دەکەن، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی ئێوە بە پێشەنگی خۆیان دەزانن. هەمیشە ئەوەتان بیربێت کە ئێوە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگە نوێنەرایەتی ریال مەدرید دەکەن".
بەردەوام بوو و گوتی "ئێمە یەکێک لە گەشاوەترین قۆناخەکانی مێژوومان بەڕێکردووە، بە بەدەستهێنانی 58 نازناو لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا: 30 نازناو لە تۆپی پێ و 28 نازناو لە تۆپی باسکە، لەنێویاندا شەش نازناوی چامپیۆنزلیگ لە تۆپی پێ و سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ لە تۆپی باسکە".
سەرۆکی ریال مەدرید لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد "لە ریال مەدرید نابێت بکەوینە داوی لەخۆڕازیبوونەوە، هەموو ساڵێک پێویستە تا دواسات کاربکەین بۆ بەردەوامبوونی ئەم هەستە جیهانییە. ئەم یانەیە ئەمڕۆ 660 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا هەیە، ئەمەش گوزارشتە لە گەورەیی یانەکە بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا".
لە کۆتاییدا سەرۆک پێرێز گوتی "لێرە دەبێت تا کۆتایی بجەنگن، ئەمە ئەو داوایەیە کە لێتان دەکەم: هەریەکێکتان کە ئەم درێسە دەپۆشێت نابێت تاوەکو چرکەی کۆتایی یارییەکە کۆڵ بدات، و پێویستە هەموو توانای خۆی لەناو یاریگەدا بخاتەگەڕ. ئێمە متمانەمان بە هەوڵ و بەهرەی ئێوە هەیە، و دڵنیاین بە یەکگرتوویی هەمووان دەتوانین بگەینە ئاستەنگەکانی داهاتوو، هەرچییەک بن. هیوای جەژنێکی خۆشتان بۆ دەخوازم، و هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی تەندروستی و بەختەوەری بێت بۆ هەموومان. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەمووتان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ