رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، پشکنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، ئەو سووکایەتییانەیان تۆمارکردووە کە ماسیملیانۆ ئالێگری بەرامبەر گابریێل ئۆریالی یاریدەدەری راهێنەری ناپۆلی تۆماریکردووە.
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، ئالێگری راهێنەری میلان، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا گوتویەتی، ئەوەی روویدا سکانداڵ و ئابڕووچوونە.
لە یاریی یەکەمی جامی سوپەری ئیتاڵیا لە نێوان ناپۆلی و میلان کە بەسەرکەوتنی ناپۆلی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، دەمەقاڵە لە نێوان ئالێگری و ئۆریالیدا روویدا و کامێراکانی نێو یاریگە، دەمەقاڵەکەیان تۆمارکرد.
رۆژنامەی 'لاگازێتا دیلۆ سپۆرت'ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، جۆزیپی شینێ، داواکاری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، راپۆرتێکی لەبارەی دەمەقاڵەکەی نێوان ئالێگری و یاریدەدەرەکەی کۆنتی بەدەستگەیشتووە.
دوای یارییەکە، ناپۆلی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، راهێنەری میلان سووکایەتیی بەردەوامی بە ئۆریالی کردووە، لە کاتێکدا ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی نێو یارییەکە، دەریدەخەن ئەو راهێنەرە لەسەر هێڵی یاریگە، بە یاریدەدەرەکەی کۆنتیدا هەڵدەشاخێت.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئالێگری بەهۆی ئەو هەڵسوکەتەوە سزا دەدرێت، بەتایبەت کە پشکنەرەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رووداوەکەیان بینیوە و بەڕاپۆرت بۆ شینێیان ناردووە.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، "ئالێگری رووبەڕووی سزای دارایی و راگرتن بۆ چەند یارییەک لە خولی ئیتاڵیا دەبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، راپۆرتی پشکنەرەکان رۆڵی دەبێت لە جۆری سزاکەی سەر ئەو راهێنەرە.
لای خۆیەوە، گابریێل گراڤینا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رایگەیاندووە ئەوەی روویدا "سکانداڵە". سەرۆکەکە دەڵێ، ئێمە باسی سکانداڵێک دەکەین، پێموایە بابەتەکە پەیوەندی بە کولتوورەوە هەیە، دەبێ خەڵک سەرلەنوێ رەوشتبەرزیی بەدەست بهێننەوە.
گراڤینا هەروەها دەڵێ، "بەداخەوە سووکایەتیکردن بووەتە شتێکی ئاسایی، جووڵەکانی سەر کورسیی یەدەگ قێزەونن. ئێستا بۆچوونێک دروستبووە کە پێیوایە هەرچەندە هاوار هاوار لەسەر کورسیی یەدەگ زۆرتربێت، کاریگەریی زیاتر لەسەر بڕیاری ناوبژیوان و بەرپرسان دروستدەکات".
سەرۆکی فیدراسیۆنە ئیتاڵییەکە زیاتر دەڵێ، "لەم رووداوانەدا، تەنیا یەک دۆڕاو هەیە، ئەو دۆڕاوەش تۆپی پێیە، ئەمە شکستە بۆ رووکاری تۆپی پێی ئیتاڵیا".
یانەی ناپۆلی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیتاڵیادا رووبەڕووی بۆڵۆنیا دەبێتەوە، پاشئەوەی ئەو تیپە لای خۆیەوە بەلێدانی یەکلاکەرەوە لە ئینتەرمیلانی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ