رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دوایین یاریی خۆی لە ساڵی 2025 ئەنجامدەدات و یارییەکە دووجار بۆ کیلیان ئێمباپێ گرنگە و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکەی بکات بۆ بردنەوەیەکی دیکە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 17ـی خولی ئیسپانیا، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی سێڤییا دەکات و ئەمە دوایین یاریی یانەی شاهانە دەبێت لە ساڵی 2025 و تاوەکو 4ـی 1ـی 2026 یانەکە یاریی ناکاتەوە.
یارییەکە بۆ کیلیان ئێمباپێ دووجار گرنگە، یەکەم ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی ئەستێرە فەرەنسییەکە و لە رۆژی لە دایکبوونیدا دەیەوێت سەرکردایەتی بردنەوەیەکی دیکەی تیپەکەی بکات، دووەمیان یاریزانەکە پێویستی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ بەدرێسی ریال مەدریدەوە لە ساڵێکدا بشکێنێت و گۆڵەکانی بگەیێنێتە 60 گۆڵ، کە ریکۆردە پێشتر لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە تۆمارکراوە.
سێڤییا سێ رۆژ لەمەوبەر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە جامی شای ئیسپانیا کرایە دەرەوە، لەم وەرزەدا لە لالیگاش ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین و 8 جار دۆڕاوە، جگە لەوەش لە دوایین 13 یاریی نێوان هەردوو یانەدا سێڤییا هیچ یارییەکی لە ریال مەدرید نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەیان بەرامبەر لۆس بلانکۆس لە وەرزی 2018-2019 بووە.
دوایینجار کە سێڤییا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یارییەکی لە ریال مەدرید بردبێتەوە، 17 ساڵ لەمەوبەر بوو لە ساڵی 2008، کاتێک بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەیان بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ