ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن دیارییەکی بە بایرن بەخشی و دۆرتموند بەزەحمەت بردییەوە

21-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
چابی ئەلۆنسۆ
چابی ئەلۆنسۆ
نیشانەکردن بایرلیڤەرکوزن بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی بایرلیڤەرکوزن هەلێکی زیاتری دایە یانەی بایرن میونشن بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیا بباتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی سانت پاوڵی یەکسانبوو. بۆرووسیا دۆرتموندیش بەزەحمەت سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
لە گەڕی 30ـی خولی ئەڵمانیا، بایرلیڤەرکوزن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر سانت پاوڵی یارییکرد.
 
لیڤەرکوزن هەر زوو هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە دەستپێکرد، لە خولەکی 32 پاتریک شیک گۆڵی پێشکەوتنی بۆ تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، خاوەن یاریگە خۆی رێکخستەوە و چەندجارێک لە گۆڵی لیڤەرکوزن نزیکبوونەوە، لە خولەکی 78 کارلۆ بۆخالفا ئەنجامەکەی بۆ سانت پاوڵی یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، لیڤەرکوزن بە جیاوازیی 8 خاڵ لە دواوەوەی بایرن میونشنە و چوار گەڕ ماوە خولی ئەڵمانیا کۆتایی بێت.
 
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد و لەنێو یاریگە و هاندەرانی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بۆرووسیا مۆنشنگلادباخ بەدەستهێنا.
 
یارییەکە لە سیگناڵ ئیدونا پارک بەڕێوەچوو، دوای 24 خولەک یارییکرد، کو ئیتاکورای ژاپۆنی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ گلادباخ تۆمارکرد و یانەی میوان پێشکەوت.
 
لە خولەکی 41 سێرهۆ گێراسی ئەنجامەکەی بۆ بۆرووسیا دۆرتموند کەمکردەوە.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی نیوەی یەکەمی یارییەکە بە خولەکێک، فێلیکس نمێچا ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی دۆرتموند گۆڕی و گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
لە دوایین خولەکی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، دانیێل سڤێنسۆن دۆرتموندی کردە خاوەنی سێ گۆڵ و یانەکە لە نیوەی یەکەمدا دواکەوتنی بۆ پێشکەوتن گۆڕی.
 
لە نیوەی دووەمدا دوای گەڕانەوەی بۆ ڤار، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ گلادباخ هەژمارکرد، لە خولەکی 56 کێڤن ستۆگێر ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام سوودی نەبوو و دۆرتموند یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە