رووداو دیجیتاڵ
هێشتا هیوایەک هەیە بۆ ئەوەی ریال مەدرید لەجیاتی بارسێلۆنا ببێتە پاڵەوانی لالیگای ئەمساڵ و ئەگەرێک هەیە بارسێلۆنا لالیگای ئەمساڵ لەدەستبدات، سەرەڕای ئەوەی جامەکەی بەرزکردووەتەوە.
بارسێلۆنا دوای ئەوەی یاریی کلاسیکۆی لە ریال مەدرید بردەوە و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید کردە 7 خاڵ، سێ گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی وەرزی لالیگا بەبردنەوە لە ئیسپانیۆل پێشوەختە بووە پاڵەوانی خولەکە و نازناوەکەی بەرزکردەوە، بەڵام ئێستا یانەیەکی دیکە هەڵوێستێکی وەرگرتووە و ئەگەر هەیە پاڵەوانبوونی بارسێلۆنا رابگرێت، یان لانیکەم دوابخات.
میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، یانەی ئۆساسونا داوای لە دادگای وەرزشیی ئیسپانیا کردووە کە سێ خاڵی یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا، کە بەبردنەوەی بارسا بەئەنجامی 3-0 کۆتاییهات، بۆی بگەڕێندرێنەوە و بارسا بەدۆڕاو هەژمار بکرێت، بەهۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، ئینیگۆ مارتینێزی بەرگریکاری بارسێلۆنا بەشێوەیەکی نایاسایی بەشداری لەو یارییەدا کردووە.
بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، هەر یاریزانێک بەپاساوی نەخۆشی یان پێکان یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نەکات، لانیکەم نابێت بەر لە تێپەربوونی 5 رۆژ یاری بۆ یانەکەی بکاتەوە.
ئەوکات لە هەفتەی فیفا لە مانگی ئاداردا، ئینگۆ بەپاساوی نەخۆشی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە نەکرد، کەچی سێ رۆژ دوای تەواوبوونی هەفتەی فیفا، لەگەڵ بارسێلۆنا بەرامبەر ئۆساسونا یاری کرد.
ئەگەر دادگای وەرزشیی ئیسپانیا ئەو سکاڵایەی ئۆساسونا قبوڵ بکات و ئەو سێ خاڵە لە بارسێلۆنا وەربگرێتەوە، جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید دەبێتە تەنیا یەک خاڵ، کە ئێستا 4 خاڵ لەپێشیەتی، دوای ئەوەی لە گەڕی پێشکۆتایی لالیگادا 2-3 بە ڤیاریال دۆڕا و ریال مەدرید لە سێڤییای بردەوە.
لەو حاڵەتەدا ئەگەر لەدوایین گەڕدا بارسێلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو بدۆڕێت یان یەکسان بێت و ریال مەدریدیش یارییەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد بباتەوە، پێش بارسا دەکەوێت و نازناوەکە بۆ ئەو دەبێت.
پرسیار ئەوەیە ئایا دادگای وەرزشیی ئیسپانیا ئەو سکاڵایە لە یانەی ئۆساسۆنا وەردەگرێت؟ یان ئەگەر قبوڵی کرد و تەنانەت بڕیاری لە بەرژەوەندی ئەودا، ئایا بارسێلۆنا لە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو خاڵ لەدەستدەدات؟ یان بردنەوەی ریال مەدرید لە دواگەڕی لالیگادا لە ریال سۆسیداد مسۆگەرە؟ هەموو ئەو ئەگەرانە دەبێت رووبدەن تاوەکو بارسێلۆنا نازناوی لالیگای ئەمساڵ لەدەستبدات، کە روودانی ئەوە زۆر زەحمەتە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ