ئایا ئەندامانی بارسێلۆنا دەیانەوێت مێسی بگەڕێتەوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسیلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەنجامەکانی راپرسییەک، کە کەناڵی TV3ـی کەتەلۆنی ئەنجامی داوە و لە یەکێک لە پرسیارەکاندا داوا لە دەنگدەر کراوە ئایا دەتەوێت لیۆنێل مێسی وەک یاریزان بگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟ شۆکهێنەر بوون.
 
راپرسییەکەی کەناڵی TV3ـی کەتەلۆنی تەنیا لەسەر براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا نەبووە، بەڵکو سێ بەشی دیکەی لەخۆگرتبوو کە تێیدا راوێژ بە ئەندامانی یانەکە کرابوو.
 
لە بەشی یەکەمدا سەبارەت بە سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، رێژەی دەنگەکانی خوان لاپۆرتا 66.6٪ بوو، لەکاتێکدا رکابەرەکەی، ڤیکتۆر فۆنت، 30.09٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا بوو. کە دوای ئاشکرابوونی دەنگەکانیش رێژەی راستەقینەی دەنگەکان زۆر نزیک بوون لە ئەنجامەکانی ئەو راپرسییە و بەگوێرەی سەرچاوەکان رێژەی دەنگەکانی لاپۆرتا 68.18٪ بووە و رێژەی دەنگەکانی فۆنت 29.78٪ بووە.
 
هەروەها راپرسییەکە باسی لە یەکێک لەو بابەتانە کردووە کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرترین قسەی لەسەر کراوە، ئەویش گەڕانەوەی لیۆنێل مێسییە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە. 
 
هەموو بەربژێرەکان لە کاتی بانگەشەکانیاندا پێشنیازی خۆیان دەربارەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە خستبووەڕوو، ئێستاش داوا لە ئەندامان کراوە رای خۆیان لەبارەی گەڕانەوەی ئەفسانەی ئەرجەنتینی بڵێن.
 
مێسی بە یەکێک لە گرنگترین ئەفسانەکانی مێژووی بارسێلۆنا دادەنرێت، بەڵام لە ساڵی 2021 بەرەو پاریس سانجێرمان رۆیشت و ئێستا لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییە.
 
لەو راپرسییەی کە کەناڵی TV3 ئەنجامیداوە و رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، تەنیا 10ـی ئەو ئەندامانەی بەشدارییان کردووە لە دەنگدانەکەدا خواستیان بۆ گەڕانەوەی مێسی نیشانداوە.
 
زۆرینەی بەشداربووان پشتگیرییان لە رێکخستنی یارییەکی رێزلێنان کردووە بۆی، بەجۆرێک 55.5٪یان لەگەڵ ئەو رێزلێنانەدا بوون. لە بەرامبەردا 28٪یان پێیان باش بووە وەک 'سەرۆکی شانازی' دابنرێت، لەکاتێکدا 6٪ دژی گەڕانەوەی بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە