مانچێستەر سیتی بە رێزێکی زۆرەوە ماڵئاوایی لە دیبرۆین کرد

21-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ماڵئاوایی دیبرۆین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریگەی ئیتیحادی یانەی مانچێستەر سیتی، شەوێکی ناخۆشی بەڕێکرد و دوای 10 ساڵ یارییکردن لەو یانەیە لەنێو رێزێکی زۆردا ماڵئاوایی لە کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی یانەکە کرا.
 
دیبرۆین دوایین یاریی خۆی بەدرێسی مانچێستەر سیتییەوە ئەنجامدا، کاتێک مانچێستەر سیتی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی بۆرنمۆوسی بردەوە، لە یارییەکەدا رێز لە کاروانی ئەو ئەستێرەیە گەورەیە گیرا و هەمووان بە چەپڵەرێزان و رێزێکی زۆرەوە ماڵئاواییان لە ئەستێرە بەلجیکییەکە کرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە دیبرۆین لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی چووە نێو یاریگە و بە چوار دەورووی یاریگەدا سوڕایەوە و ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە، یاریزانان و دەستەی راهێنەران کرد و لەنێو رێڕەوی رێزلێنانی یاریزانانی مانچێستەر سیتیدا بۆ دوایینجار لە یاریگەی ئیتیحاد چووە دەرەوە.
 
ماڵئاوایی دیبرۆین لە مانچێستەر سیتی دوای 10 ساڵ یارییکردن بەدرێسی یانەکە و نووسینەوەی مێژوویەکی گەورە، دڵخۆشیی بردنەوەیان لە بۆرنمۆوس لەبیر هەمووان بردەوە و پێپ گواردیۆلاش بە گریانەوە ماڵئاوایی لە یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی کرد.
 
بەهۆی ئەو مێژووەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ یانەکە تۆماریکرد، یانەی مانچێستەر سیتی بەفەرمی بڕیارییدا پەیکەرێک بۆ دیبرۆین لەبەردەم یاریگەی ئیتیحاد دابنرێت و یانەکە دەڵێت "ئەمە مانای ئەوەیە کە تۆ هەمیشە لێرە دەمێنیتەوە."

 
دیبرۆین لە پەیامی ماڵئاواییکردنیدا لە مانچێستەر سیتی گوتی "مانچێستەر سیتی ماڵی منە، من لەگەڵ هاوژینەکەم میشێل هاتووینەتە ئێرە و منداڵەکانیشم لێرە لە دایکبوون، بەڵام هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەدەکرد 10 ساڵ لێرە بمێنمەوە."
 
کیڤن لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتی "ئەوەی وەکو تیپێک، وەکو هاندەران و وەکو خێزانێک بەدەستمان هێناوە باوەڕپێنەکراوە، هەموو شتێکمان بردووەتەوە، یانەکەمان و شارەکەمان گەورەتر کردووە، ئێستا نەوەی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە گەشتەکەی."

 
کاپتنی یانە ئینگلیزییەکە دەڵێت "هەر لە یەکەم ساتی هاتنمەوە لێرە پێشوازییان لێکردم، ئەم یاریگەیە پڕبووە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە من و ماڵباتەکەم بکەن، ئەمە هەموو شتێک دەڵێت، تەنیا بۆ ماڵئاواییکردن 50 هەزار کەس چاوەڕێ دەکەن؟ ئەم هەستە پێناسە ناکرێت، زۆر سوپاس بۆ هەمووان."
 



هەر لە یەکەم ساتەوە پێشوازییان لێکردم. بۆ ئەوەی ئەم یاریگایە نزیکەی پڕ بێت تەنها بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە من و خێزانەکەم بکەم هەموو شتێک دەڵێت. کێ دەتوانێت تەنها بۆ ماڵئاواییکردن ٥٠ هەزار کەس چاوەڕێی بکەن؟ ئەم هەستە وەسف ناکرێت. زۆر سوپاس."
 
کیڤن دیبرۆین لە 2015 چووە یانەی مانچێستەر سیتی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا یەکێک بوو لە کاریگەرترین یاریزانەکانی ئەو یانەیە و 17 نازناوی جیاوازی بردەوە، لەنێویاندا بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو یانەیەدا.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە