رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ئەحمەد رازی ئەفسانەی تۆپی پێی عێراق تێپەڕ دەبێت، لە شاری هەولێر وەک رێزێک لە ماندووبوونی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵیادی بەسازکردنی مەراسیمێکی گەورە دەستیپێکردووە.
ئەحمەد رازی لە 21ی نیسانی 1964 لە شاری بەغدا لە دایکبووە، دیارترین ئەستێرەی تۆپی پێی عێراق بوو، لە مۆندیالی 1986ی مەکسیک، تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی عێراقی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا تۆمارکرد.
ئەفسانەکەی تۆپی پێی عێراق دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوە لە نەخۆشخانە بۆ ماوەیەکی زۆر دواجار لە 20ی حوزەیرانی 2020 کۆچی دوایکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەحمەد رازی دەکرێتەوە بە سازکردنی مەراسیمێکی تایبەت و بەڕێوەچوونی جامی ئەحمەد رازی لە نێوان تیپی ئەستێرەکانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و ئەستێرەکانی شاری هەولێر.
دیدار محەممەد، سەرپەرشتیاری جامی ئەحمەد رازی لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ بەڕێوەچوونی ساڵیادی ئەحمەد رازی کردووە، 12 وێنەی ئەو ئەستێرە کۆچکردووەمان گەورە کردووە، هەروەها ئامادەبووان گۆڵی رێز لە ژێر وێنەکان دادەنێن و دواتر یارییەکە ئەنجامدەدەین".
ئەحمەد رازی لە 121 یاری نێودەوڵەتیدا 62 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکردووە، ئەمڕۆ لە شاری بەغدا لەسەر گۆڕەکەی یانەی کەرخ بە هاوکاری وەرزشوانانی شارەکە مەراسیمێکی گەورەی بۆ ساز دەکەن.
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەحمەد رازی لە رێگای تۆڕی میدیایی رووداو داوای لە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن و ڤایرۆسی کۆرۆنا پەتایەتی کوشندەیە و هیوای سەلامەتی بە هەمووان خواست.
ساڵی 2008 ئەحمەد رازی تێکەڵی کاری سیاسی بوو، ئەوکات بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بەرەی تەوافوق، هەروەها ئەندامی لیژنەی لاوان و وەرزش بوو لە پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ