رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بەئاشکرا باسی لە هەوڵدانی یانەکەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامز کردووە.
نیکۆ ویلیامزی هێرشبەری یانەی ئاتلێتیک بیلباو، ئامانجی یەکەمی بارسێلۆنایە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، پاشئەوەی یانەکە یەکەم گرێبەستی خۆی بەهێنانی خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل کۆتایی پێهێنا.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، لاپۆرتا لەبەردەم ئەندامانی 'ئەنجوومەنی پیرانی بارسێلۆنا'دا بەئاشکرا باسی لە هەوڵدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامز کردووە، ئەوەش یەکەمجارە سەرۆکی یانەکە لە شوێنێکی گشتیدا باسی ئەو کارە دەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، لاپۆرتا رووبەڕوو بەئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی یانەکەی گوتووە، هەنگاوی باشمان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامز بڕیوە و ئەو ئامانجی سەرەکیی بارسێلۆنایە.
ئەنجوومەنی پیرانی بارسێلۆنا، دەستەیەکی راوێژکاریی یانەی بارسێلۆنایە لە هەزار ئەندام لە دێرینترین ئەندامەکانی یانەکە پێکدێت، ساڵانە جارێک بەئامادەبوونی سەرۆکی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی، کۆبوونەوەیەک سازدەکات کە تێیدا سەرۆکی یانەکە، بەرچاو روونی لەبارەی هەموو دۆسێیەکانی پەیوەست بەیانەکەی و وردەکارییەکانی دەدات.
لە کۆبوونەوە ساڵانەکەی ئەمجارەدا، لاپۆرتا گوتوویەتی ئەو دەستەوارە سەرنجڕاکێشەی پێشتر لە لێدوانێکدا ئاماژەم پێدا، نیکۆ ویلیامزە.
لاپۆرتا ئەگەرچی بەفەرمی راینەگەیاندووە کە یانەکەی گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە کە هەوڵی زۆریان داوە و هەنگاوی گەورەیان بەئاراستەی تەواوکردنی کارەکە ئەنجامداوە.
سەرۆکی بارسێلۆنا، هەروەها بەئەندامانی ئەنجوومەنەکەی گوتووە کە هێنانی ویلیامز لەسەر داوا و سووربوونی هانزی فلیکی راهێنەری ئێستای یانەکە دەبێت کە پێیوایە پێویستە باڵی چەپی تیپەکە بەیاریزانێکی لێهاتوو و گەنج ئەکتیڤتر بکرێت.
وەک رۆژنامەکان دەڵێن، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە زۆر دڵخۆشبوون بەهەواڵەکەی لاپۆرتا و جۆشوخرۆشی زۆریان بۆ رووداوەکە هەیە.
بەپێی سەرچاوەکان، بارسێلۆنا هەنگاوی باشی لە گرێبەستکردن لەگەڵ ویلیامز بڕیوە و ئەگەر هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، بارسێلۆنا بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ