دهۆک بەبێ سێ یاریزانی دەبێتە میوانی شورتە

21-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک دووەم یاریی خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا یاری دەکات و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یەکەم بردنەوە تۆمار بکات.
 
دهۆک دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی گەرمە دۆڕا، ئەمڕۆ ئێوارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی شورتە یاری دەکات و دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵ بکات.
 
بەهۆی ئامادەنەبوونی یاریگەی یانەکەوە، یاریی نێوان هەردوو یانە لە بەغداوە گواستراوەتەوە بەسرە و شورتە وەکو میواندار رووبەڕووی یانەی دهۆک دەبێتەوە.
 
بەبڕیاری سێرجیۆ فاریاس، هەریەکە لە پێتەر گۆرگیس، پەشەنگ عەبدوڵڵا و یوسف ئیمام بۆ ئەم یارییە بانگهێشتنەکراون و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام بۆلی جونیۆر سامبۆ، هێرشبەری نوێی یانەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی یانەی دهۆکەوە ئەنجامبدات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، سێرجیۆ فاریاس، گوتوویەتی بۆ ئەم یارییە پێویستیم بە پێتەر و پەشەنگ نییە و سوودیان لێ وەرناگرم، بۆیە پێویست ناکات لەگەڵ یانەکە گەشت بکەن، یوسف ئیمام بەهۆی ئەوەی خادم رەسوڵ و سەعد ناتق لە شوێنی ئەو یاری دەکەن بۆ یارییەکە بانگهێشت نەکراوە.
 
شورتە ئەمە یەکەم یارییەتی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بەهۆی ئەوەی بەشداری لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا دەکات و لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر یانەی سەدی قەتەری بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوو.
 
لەم یارییەدا هەریەکە لە رێوان ئەمین و لوکاس مۆسیس، یاریزانانی پێشووی یانەی دهۆک بەدرێسی یانەی شورتەوە رووبەڕووی یانەی پێشوویان دەبنەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە