یانەی لێگانێس دێتە کوردستان و پێنج گەنج لەگەڵ خۆی دەباتە ئیسپانیا

22-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی لێگانێس ئەکادیمیای کوارگ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لێگانێسی ئیسپانی رایگەیاند پڕۆگرامێکی مەشقدان لەشاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات و پێنج بەشداربووی پڕۆگرامەکەش دەباتە ئیسپانیا.
 
یانەی لێگانێسی ئیسپانی، کە یەکێکە لە یانە پلە یەکەکانی وڵاتەکە و ئێستا لە پلەی پانزەیەمی ریزبەندی لالیگایە، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا لە ماڵپەری خۆی رایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە شاری هەولێر، بەشداری لە پڕۆگرامێکی راهێنان دەکات و بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی.
 
یانە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە، "یانەی لێگانێس بەشێوەیەکی فەرمی بەشدارییکردن لە پڕۆگرامێکی راهێنان لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق رادەگەیەنێت، پڕۆگرامەکە لە رۆژانی 26/1/2025 تاوەکو 30/1/2025 بەردەوام دەبێت".
 
یانەکە ئاشکرایکردووە، پڕۆگرامەکە "یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بوار بەگەنجانی تەمەن 16-22 ساڵ بدرێت راهێنان بکەن لەژێر شێواز و بەها وەزشییەکانی یانەکەمان، بەم کارە یانەی لێگانێس بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکەی بۆ پەرەدان بە بنەماکانی وەرزش و پێشخستنی وەرزش لە وڵاتانی جیاواز".
 
یانەکە هەروەها دەڵێ، "ئەم چالاکییە بۆ بەهێزکردنی بەهرە تەکنیکییەکان و کارکردنی بەکۆمەڵە، پێشبینیدەکرێت سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت لە رێگەی پەرەدان بە وەرزش و خووی تەندروستەوە".
 
لێگانێس هەروەها دەڵێ، "وەک بەشێک لەم پڕۆژەیە، پێنج بەشداربوو هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ شاری مەدرید بۆ ئەوەی بەشداربن لە پڕۆگرامی نێودەوڵەتیی ئەکادیمیاکەمان، بەمشێوەیە لێگانێس بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکەی و هەلدەڕەخسێنێت، بۆ پەرەپێدان بە بەهرەی نوێی تۆپی پێ".
 
پشتیوان نانەکەلی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی ئەکادیمیای کوردستان کوارگ، کە لە شاری هەولێر هاوبەشی پڕۆگرامەکەی یانەی لێگانێسە، بە رووداوی گوت، ئەکادیمیاکەی ئەوان رێکەوتنی لەگەڵ لالیگا و یانەی لێگانێس کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆگرامە.
 
پشتیوان دەڵێ، "شاندی یانە ئیسپانییەکە لە رۆژی 26ی ئەم مانگە لە هەولێر دەبن بۆ هەڵسەنگاندنی کۆمەڵێک یاریزان".
 
شاندی یانەی لێگانێس بڕیارە رۆژانی 27 تاوەکو 30ی ئەم مانگە هەڵسەنگاندنەکان لە شاری هەولێر ئەنجام بدات و بەشداری لە ژمارەیەک چالاکیی دیکەشدا بکات.
 
دێسکی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی سەردانی شاندی یانەی لێگانێس دەبێت بۆ شاری هەولێر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە