رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕ جارێکی دیکە سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە و بە دوو گۆڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و عەبدولڕەحمان غەریب لە زەمکی بردەوە و جیاوازییەکەیان لەگەڵ هیلال بۆ تەنیا 4 خاڵ کەمکردەوە.
لە شەوێکی پڕ لە ململانێ و لەژێر گوشارێکی زۆری خولی رەوشنی سعودیدا، یانەی نەسڕ توانی سەرکەوتنێکی زۆر گرنگ و بایەخدار لەسەر حیسابی یانەی زەمک تۆمار بکات، کاتێک بەئەنجامی 2-1 یارییەکەی لێ بردەوە و سێ خاڵی زێڕینی خستە ناو هەگبەکەیەوە.
ئەم سەرکەوتنە تەنیا سێ خاڵ نەبوو، بەڵکو پەیامێکی تووند بوو بۆ هیلالی پێشەنگ، کە ئێستا جیاوازییەکەیان تەنیا بۆ ٤ خاڵ کەم بووەتەوە و کێبڕکێی نازناوەکە گەیشتووەتە لووتکەی گەرمبوون.
هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی نەسڕ بەئامانجی هێرشبەرانە چوونە نێو یاریگە، عەبدولڕەحمان غەریب لە نیوەی یەکەمدا دڵی هاندەرانی نەسڕی خۆش کرد و گۆڵی پێشەنگی تۆمارکرد.
لە دەستپێکی نیوەی دووەمدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گۆڵێکی دیکەی جیاوازییەکەی دوو هێندە کرد و نیشانی دا کە هێشتا تینووی سەرکەوتنە.
هەرچەندە جەمال حەرکاس لە ناوەڕاستی نیوەی دووەمدا گۆڵێکی بۆ زەمک تۆمارکرد و کەمێک دڵەڕاوکێی خستە نێو دڵی هاندەرانی نەسڕ، بەڵام هاوڕێکانی دۆن توانییان تاوەکو کۆتایی بەرگری لە پێشکەوتنی خۆیان بکەن و یارییەکە بەسەرکەوتن کۆتایی پێ بهێنن.
نەسڕ کە وەرزەکەی بە 10 سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک و بەشێوەیەکی تۆقێنەر دەستپێکردبوو، لە چەند هەفتەی رابردوودا تووشی پاشەکشە ببوو و چوار یاری بوو نەیدەتوانی تامی سەرکەوتن بکات، بەڵام وادیارە بردنەوەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر شەباب 3-2 و ئەم سەرکەوتنەی بەرامبەر زەمک، جارێکی دیکە نەسڕیان گەڕاندووەتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و خەونی بردنەوەی نازناوەکەیان بۆ زیندوو کردوونەتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی گۆڵی ژمارە 960 لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا تۆمار بکات و تەنیا 40 گۆڵی ماوە بۆ گەیشتن بە خەونەکەی، کە 1000 گۆڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ