ڤیدیۆ؛ داوا دەکرێت رۆناڵدۆ سزا بدرێت

22-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆن دوران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی ئیتیفاق کۆنترۆلی خۆی لەدەستدا و ئەوپەڕی تووڕەیی خۆی بەرامبەر ناوبژیوان دەربڕی، ئەگەری هەیە سزا بدرێت. سعودییەکانیش داوا لە بەرپرسانی تۆپی پێ دەکەن "دادپەروەر بن".
 
دوای ئەوەی لە گەڕی 21ـی خولی پیشەگەری رۆشن، یانەی نەسڕ میوانداریی یانەی ئیتیفاقی کرد و جۆن دورانی هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە کارتی سوور دەرکرا، دۆن کۆنترۆلی خۆی لەدەستدا و شووتێکی لە تۆپەکەدا و فڕێدایە دەرەوە و دواتر بەرەو رووی یاریدەدەری ناوبژیوان رۆیشت و بەتووندی هاواری بەسەردا کرد، هاندەرانی تۆپی پێ لە سعودیە داوی سزادانی کریستیانۆ دەکەن و دەڵێن "دەبێت یاسا بۆ هەمووان وەک یەک بێت".
 
یانەی نەسڕ لەسەر یاریگای ئەلئەول پارک لە ریازی پایتەختی سعودیە، بەئەنجامی 2-3 بە ئیتیفاق دۆڕا و هیواکانی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە کەمبوونەوە.
 
لە گێمی یەکەمدا ئەیمەن یەحیا لە خولەکی 47 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ نەسڕ تۆمارکرد، دواتر جۆرجینیۆ ڤیناڵدۆم لە خولەکی 55 گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ ئیتیفاق تۆمارکرد.
 
محەممەد ئەلفەتیل لە خولەکی 65 پێشکەوتنی بۆ نەسڕ گەڕاندەوە، بەڵام لە خولەکی 82 هەمان یاریزان بەهەڵە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئیتیفاق لە گۆڵی خۆیان کردەوە.
 
لە خولەکی 89 ڤیناڵدۆم گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ئیتیفاقی تۆمارکرد و سێ خاڵەکەی بە یانەکەی بەخشی و یارییەکەی بردەوە.
 
بەر لەوەی یارییەکە کۆتایی بێت، ناوبژیوان لە خولەکی 90+1 جۆن دورانی هێرشبەری کۆلۆمبیی یانەی نەسڕی بە کارتی سوور دەرکرد.
 
دەرکردنی دوران بووە هۆی تووڕەبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە تۆپەکەی لە دوورەوە لێدا و رەخنەی تووندیشی لە ناوبژیوانان گرت، ئەمەش هاندەرانی یانەکانی خولی رۆشنی تووڕەکرد، کاتێک بینیان ناوبژیوان هیچ سزایەکی نادات.
 
هاندەرانی تۆپی پێی سعودیە، لە رێگەی سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکی رەخنە و گلەییان دژی بەرپرسانی تۆپی پێی سعودیە دەستپێکردووە و داوا دەکەن لە بڕیارەکانیاندا دادپەروەرانە بن و دەڵێن "با یاسا بۆ هەمووان وەک یەک بێت".
 
هەندێکیان رەخنە لە ناوبژیوانەکە دەگرن، چونکە رۆناڵدۆ بە بەرچاوییەوە تۆپەکە لێدەداتە دەرەوە، و دەچێت هاوار لەسەر یاریدەدەرەکەی دەکات، کەچی هیچ هەڵوێستێکی نییە.
 
یەکێک نووسیویەتی "هەر یاریزانێکی دیکە بووایە زۆر بەتووندی سزا دەدرا". سەدان کەس بە "راستە" وەڵامیان داوەتەوە.
 
هەمووان داوا دەکەن بەرپرسانی خولی رۆشن ئەمجارە دادپەروەری خۆیان نیشان بدەن و هەر یاریزانێک سزا بدەن کە یاساکان دەشکێنێت، ئەگەر ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆش بێت.
 
جۆن دوران لە دوایین گواستنەوەی زستانەدا لە ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد، و تاوەکو ئێستا 4 گۆڵی بۆ یانەی سعودییەکەی تۆمارکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە