ڤیدیۆ؛ مۆرینیۆ بۆ کۆچی دوایی هاوڕێکەی گریا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
جۆزێ مۆرینیۆ دەگری
جۆزێ مۆرینیۆ دەگری
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ سێلڤینیۆ لۆرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆزێ مۆرینیۆ نەیتوانی بەرگەی هەستەکانی بگرێت و فرمێسکی لە چاو هاتە خوارێ لەو خولەکە بێدەنگییەی کە بۆ رێزگرتن لە سیلڤینیۆ لۆرۆ رێکخرابوو، لە کاتی یاریی نێوان بێنفیکا و ڤیتۆریا لە گەڕی 27ـی خولی پۆرتوگالیدا.
 
پەیوەندی نێوان خۆزێ مۆرینیۆ و سیلڤینیۆ لۆرۆ زۆر لە پەیوەندییەکی کارکردنی ئاسایی گەورەتر بوو، چونکە ئەم دووانە بۆ چەندین ساڵی درێژ لە چەندین یانەی گەورەدا بەیەکەوە کاریان کردووە.
 
سیلڤینۆ لۆرۆ وەک راهێنەری گۆڵپارێزەکان لەژێر سەرپەرشتی مۆرینیۆدا لە چەندین وێستگەی گرنگدا کاری کردووە، لەوانە: پۆرتۆ، چێڵسی، ئینتەر میلان، ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد، ئەمەش وایکرد ئەو ساتە بۆ راهێنەرە پۆرتوگالییەکە زۆر خەمناک و پڕ لە هەست بێت.
 
میراتی سیلڤینۆ لۆرۆ لە تۆپی پێی پۆرتوگالی و جیهانیدا بەردەوام دەبێت، چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەشدار بووە لە پێگەیاندنی چەندین گۆڵپارێز کە رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە سەرکەوتنەکانی مۆرینیۆ لە یانە جیاوازەکاندا، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە یەکێک لە دیارترین راهێنەرانی گۆڵپارێز لە دوو دەیەی رابردوودا.
 
دیمەنی گریانی مۆرینیۆ بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە. 
 
پێشتریش مۆرینیۆ بۆ ئامادەبوون لە پرسەی سێلڤینیۆ لۆرۆی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی پۆرتۆ، سەردانی مزگەوتێکی لیسبۆن کرد، چونکە لۆرۆ  و خۆزێ زۆر نزیک بوون لە یەکدی.
 
سێلڤینیۆ، کە لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەر لە چەند ساڵێک موسڵمانبوونی خۆی راگەیاندبوو، هەمیشە وێنەکانی لەنێو مزگەوتدا بڵاودەکردەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، تیپەکەی بێنفیکا بردنەوەیەکی گەورەی بەئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بەرامبەر ڤیتۆریا بەدەستهێنا، بەمەش بە 65 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەدا مایەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ پۆرتۆی پێشەنگ تەنیا 4 خاڵە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە