هەواڵی نوێ لەبارەی ئەو راهێنەرەی هەڵبژاردەی عێراق داوای دەکات

22-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای دوورخستنەوەی خیسۆس کاساس، لە راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق، هەڵبژاردەکە بێ راهێنەر ماوەتەوە و بەتەواوی دیارنییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە.
 
دوای دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیسپانییەکە، یەکێک لەو راهێنەرانەی زۆرترینجار ناوی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق هێنراوە، حوسێن عەموتە، راهێنەری مەغریبی و یانەی جەزیرەی ئیماراتی بووە، بەڵام یانە ئیماراتییەکە ئامادەنییە دەستبەرداری ئەو راهێنەرە ببێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی جەزیرەی ئیماراتی رەتیکردووەتەوە بەشێوەی خواستن دەستبەرداری راهێنەری یانەکە ببێت و ئەمڕۆ لە نووسراوێکدا بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی گوتووە، ئامادەن بۆ ساڵێک دەستبەرداری حوسێن عەموتە ببن، لەگەڵ مەرجی گفتوگۆکردن لەبارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی.
 
چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بچێتە ئەبوزەبی بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی جەزیرە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی ئەو راهێنەرەوە بکەن.
 
حوسێن عەموتە، راهێنەرێکی مەغریبییە، تەمەنی 55 ساڵە، لە جامی ئاسیای رابردوودا راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن بوو، ئەو هەڵبژاردەیەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیاندە یاریی کۆتایی و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
 
گرێبەستی عەموتە لەگەڵ یانەی یانەی جەزیرەی ئیماراتی تاوەکو هاوینی ساڵی 2026ـە و یانەکە ئامادەنییە دەستبەرداری ئەو راهێنەرە ببێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر راهێنەرەکە لەگەڵ یانەکە نازناوی جامی پیشەگەرانەی بانکی ئیسلامیی ئەبوزەبیی بردەوە.
 
هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریی لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ماوە، یەکێکیان بەرامبەر کۆریای باشوورە لە 5-6-2025 و ئەوەی دیکەیان بەرامبەر ئوردنە لە 10ـی هەمان مانگ و پێویستە عێراق هەردوو یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە