رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئێدواردۆ کاماڤینگا، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، لەدوای یارییەکەی بایرن میونشن زۆر گریاوە.
کاماڤینگا کە لە یاریی یانەکەی بەرامبەر بایرن میونشن لە گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، دوای ماوەیەکی کەم لە بەشداریکردن، بەهۆی کارتی زەردی دووەمەوە لەلایەن ناوبژیوانەوە، راستەوخۆ کارتی سووری پێدرا و کرایە دەرەوە، بەبەرپرسی یەکەمی دەرچوونی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دانرا.
کاماڤینگا، بەدۆخێکی قورسدا تێدەپەڕێت لەگەڵ یانەکەی، بەتایبەت کە تیپەکە نزیکە لە وەرزی ئەمساڵدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەستبەتاڵ دەربچێت.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، کارتە سوورەکە بەرامبەر بایرن، دوایین بزماری تابووتی پەیوەندییەکەی ئەو یاریزانە و یانەکەی بوو، پاشئەوەی ریال مەدرید دوو وەرز لە بەرامبەر پێکانە زۆر و ئاستە ناجێگیرەکەی ئەو یاریزانەدا ئارامی گرت.
رۆژنامەکە دەڵێ، کاماڤینگا لە دوای یارییەکە و لە ژووری جلگۆڕیندا بەکوڵ گریاوە، هاوڕێکانی زۆر هەوڵیان لەگەڵداوە تاوەکو ژیر بووەتەوە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، لەدوای یارییەکەوە، ئەو یاریزانە رووبەڕووی هەڵمەتێکی گەورەی رەخنەی تووند بووەتەوە و میدیاکان باسی ئەوەدەکەن، ئەو یەکێکە لەو یاریزانانەی لە هاوینی ئەمساڵدا لە یانەکە بەڕێدەکرێن.
رۆژنامەکە دەڵێ، بەڵام کاماڤینگا بڕیاریداوە خۆی بەدەستەوەنەدات و سوورە لەسەر خۆسەلماندن لە یانەکەی.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، تاکە ئومێد لەبەردەم کاماڤینگا بۆ ئەوەی بەرپرسانی ریال مەدرید لە بەڕێکردنی پاشگەزبکاتەوە، ئاستی باش و درەوشانەوەیەتی لەو حەوت یارییەی یانەکە لە لالیگا ماویەتی، ئەگەرچی تیپەکەی بەجیاوازیی نۆ خاڵ دوای بارسێلۆنای پێشەنگ دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ