ڤیدیۆ؛ هانزی فلیک بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا: وەرزی داهاتوو باشتر دەبین

22-05-2025
ئیحسان تاهیر
هانزی فلیک و خوان لاپۆرتا
هانزی فلیک و خوان لاپۆرتا
نیشانەکردن هانزی فلیک نوێکردنەوەی گرێبەست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی تاوەکو هاوینی 2027 نوێکردەوە، لە لێدوانێکدا دڵخۆسیی خۆی بە مانەوە لەگەڵ بارسێلۆنا نیشاندا و پەیامێکی بۆ هاندەرانی یانەکە نارد و بەڵێنی پێدان کە لە وەرزی داهاتوودا تیپێکی باشتربن و هەموو شتێک بکەن لەپێناو بردنەوەی نازناوەکان.
 
ئەمە پەیامی هانزی فلیکە:
 
من دڵخۆشم. دڵخۆشم چونکە گەشتەکە بەردەوامە. هەست دەکەم ئەمە کۆتایی نییە. ئێمە توانایەکی زۆرمان لەم تیپەدا هەیە. تیپێکی گەنجمان هەیە. لە مانگەکانی تشرینی دووەم و و کانوونی یەکەمدا کەمێک ناڵاندمان، بەڵام ئێمە ئارام بووین. لە نیوەی دووەمی وەرزدا بە ئاستێکی باوەڕپێنەکراو یاریمان کرد. ئێمە شایەنی هەموو ئەو شتانەین کە لەم وەرزەدا بەدەستمان هێناون و زۆر دڵخۆشم بە کارکردن لەگەڵ ئەم تیپە.
 
پێمخۆشە لێرە لە بارسیلۆنا بمێنمەوە بۆ کارکردن بۆ ئەم یانە سەرسوڕهێنەرە و لەگەڵ ئەم هەموو یاریزانانەدا، پێموایە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. وەرزی داهاتوو لە سفرەوە دەست پێدەکەین و دەبێت کاری زۆر بکەین، دەبێت زۆر کاربکەین وەک پێشتر. هەروەها دەبێت پێشبکەوین. من ئەوە دەزانم و ئەوە دەکەین.
 
دەتوانم هەست بەوە بکەم کە تیپەکە رۆحی گەشەکردنی هەیە و هەروەها فێربوون.  ئەمەش بۆ من شتێکی گرنگە. یاریزانان دەیانەوێت باشتربن. هەموو رۆژێک و هەموو یارییەک. بۆیە ئێمە هەموو هەفتەیەک زۆر کاردەکەین لە مەشقەکاندا. بۆیە لە کۆتایی هەفتەدا لە کاتی یارییەکاندا دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین ئەگەر هەموو شتێک باش بێت یان ئەگەر ناچاربین بەشێوەیەکی دیکە بیکەین. من هەست بەمە دەکەم. هەموومان دەمانەوێت بەمشێوەیە بین، بۆ ئەوەی هەموو رۆژێک باشتربین. هەنگاو بە هەنگاو. ئەمە زۆر گرنگە.
 
هەست دەکەم کە پەیوەندییەک بەهێز لەنێوانماندا هەیە. زۆر خۆشە کە هەستی پێدەکەین. هەروەها تا کۆتایی وەرز هاندەران زۆر پشتگیریان کردین. زۆر لە یارییەکان دوو گۆڵ لە لەدواوە بووین و گەڕاینەوە. دەتوانیت هەست بەوە بکەیت کە ئەوان لەوە تێدەگەن. خەڵک لە یاریگادان و یارمەتی یاریزانەکان دەدەن. منیش هەمان شتم دەوێت لە وەرزی رابردووەوە بۆ وەرزی داهاتوو. بۆیە دەتوانم پێیانبڵێم کە ئێمە کاری زۆرمان کردووە و هەوڵمان داوە باشتربین. بێگومان ئێمە دەمانەوێت نازناوەکان بەدەستبهێنین. ئەمە بارسێلۆنایە و پێویستە نازناوەکان بەدەستبهێنین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە