مۆرینیۆ داوای قوربانییەکی دەستی رۆناڵدۆ دەکات

22-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی فێنارباخچەی تورکی، چاوی لە تواناکانی ئەستێرەیەکی یانەی نەسڕی سعودییە و دەیەوێت بۆ دووەم گواستنەوەی لەسەریەک یاریزانێکی ئەو یانەیە بگوازێتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، یانەی فێنارباخچە لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەکە کار بۆ گواستنەوەی جۆن دوران، هێرشبەری یانە سعودییەکە دەکات و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە بباتە خولی سوپەرلیگی تورکیا.
 
بەپێی زانیارییەکان، یانەی فێنارباخچە دەیەوێت بەخواستن یاریزانەکە بگوازێتەوە و ئامادەیە 16 ملیۆن یۆرۆ بەرامبەر ئەو یاریزانە بداتە یانەی نەسڕ، جگە لەوەش ئامادەیە مووچەی ساڵانەی ساڵێکی یاریزانەکە بەتەواوی بدات.
 
جۆن دوران لە کاتێکدا سەرەتای ئەمساڵ بەرامبەر 77 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەی نەسڕەوە کرد، بەڵام داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە دیارنییە و چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای لە یانەی نەسڕ کردووە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن، بەم هۆیەشەوە یانەکە بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکە دەکاتەوە.
 
دوران لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانە سعودییەکە لە خولی سعودی و چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەشداریی لە 18 یارییدا کرد و 12 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رۆناڵدۆ نییە.
 
یاریزانە 21 ساڵەکە، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2030ـە و هێشتا بڕیاری خۆی نەداوە لە یانەکە دەڕوات یان نا.
 
هەوڵەکانی یانەی فێنارباخچە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەکاتێکدایە لە گواستنەوەی زستانی ئەمساڵ یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئاندێرسۆن تالیسکا، یاریزانی یانەی نەسڕ واژۆکرد و دەیەوێت دوران بکاتە دووەم یاریزان لەو یانەیەوە بباتە ریزەکانی یانەکەی.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە