مۆرینیۆ هۆشداری دەداتە دژەکانی رۆناڵدۆ: ئەو هەڵەیە مەکەن

18-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، راهێنەری یانەی فێناربەخچەی تورکی، هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی رکابەران و نەیارانی هاونیشتمانییەکەی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی کرد و رایگەیاند :رۆناڵدۆ تووڕە مەکەن".
 
مۆرینیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی TALK SPORTـی بەریتانی، باسی لە رۆناڵدۆ کرد کە لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەودا یاریکردووە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەژێر سەرپەرشتیی مۆرینیۆدا، لە کۆی 164 یارییدا 168 گۆڵی تۆمارکرد و 49 ئەسیستیشی هەبوو.
 
مۆرینیۆ لەبارەی رۆناڵدۆوە لە هەڤپەیڤینە نوێیەکەدا گوتی "هیچ شتێکی جیاواز لەسەر تواناکانی رۆناڵدۆ ناڵێم کە هەمووان دەیزانن، بەڵام وەک رکابەرێکی رۆناڵدۆ، پێویستە تاوەکو ئەوپەڕی ئارام بیت و هیچ قسەیەکی هەڵەی لەبارەوە نەکەیت".
 
هەروەها مۆرینیۆ گوتیشی "رۆناڵدۆ ئەو وشانە دەکاتە پاڵنەرێک بۆ پێشکەشکردنی باشترینی خۆی، چونکە ئەو یاریزانێکە خاوەنی عەقڵییەتێکی بەهێزە و دەتوانێت بە لێهاتووییەوە مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکات".
 
رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بۆ دوو وەرزی داهاتوو، تاوەکو هاوینی 2027 نوێکردەوە.
 
ئەو ئەستێرە بەئەزموونە، مانگی حوزەیرانی رابردوو، هەڵبژاردەی پۆرتوگالی بەرەو بردنەوەی نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەورووپا برد، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە ئیسپانیایان بردەوە.
 
لەو یارییەدا رۆناڵدۆ گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ هەڵبژاردەکەی لە کاتی ئاسایی یارییەکەدا تۆمارکرد، کە بەئەنجامی 2-2 کۆتایی هات. دواتر گۆڕانکاری پێکرا، بەڵام هاوڕێکانی توانیان بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە یارییەکە و نازناوەکە ببەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە