وردەکاریی ئەو شەڕەی پەیوەندیی نێوان رۆناڵدۆ و مۆرینیۆی بۆ هەمیشە تێکدا!

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو - هەولێر

 

سەردەمی سپێشەڵ وەن لە ریال مەدرید لە 2010 تاوەکو 2013 پڕبوو لە دەستکەوت و گەڕانەوەی شکۆ بۆ یانەی شاهانە، بەڵام لەپشت پەردەکانەوە، ململانێیەکی تووند هەبوو کە کۆتاییەکەی بە رووخانی پردی پەیوەندییەکانی نێوان جوزێ مۆرینیۆ و گەورە ئەستێرەی یانەکە، کریستیانو رۆناڵدۆ کۆتاییهات. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان وردەکاریی ئەو کێشەیە ئاشکرا دەکەن کە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی هەژاند.
 
مۆرینیۆ؛ لە لووتکەی سەرکەوتنەوە بۆ شەڕی ژووری جلوگۆڕین
 
جۆزێ مۆرینیۆ توانی ریال مەدرید لەژێر سایەی بارسێلۆنای پێپ گواردیۆلا رزگاربکات و نازناوی لالیگا و شای ئیسپانیا بباتەوە، بەڵام پێش رۆیشتنی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی تیپەکە، ئیکەر کاسیاس، سێرخیۆ رامۆس، پیپێ و رۆناڵدۆ گەیشتە بنبەست.
 
15ـی1ـی2013.. ئەو شەوەی هەموو شتێک گۆڕا
 
هەموو شتێک لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ڤالێنسیا دەستیپێکرد. هەرچەندە ریال مەدرید 2-0 لەپێش بوو، بەڵام لە خولەکەکانی کۆتاییدا مۆرینیۆ لەسەر هێڵی یاریگەدا شێت و هار ببوو. هۆکارەکەش؟ تەمبەڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لە گەڕانەوە بۆ بەرگری و جێبەجێکردنی ئاوتێکی هەڵە بۆ مەسعود ئۆزێل، کە خەریکبوو هێرشێکی مەترسیدار لەسەر مەدرید دروست بکات.
 
تەقینەوە لە ژووری جلگۆڕین 
 
دوای یارییەکە، مۆرینیۆ لەناو ژووری گۆڕینی جلوبەرگدا بە دەنگێکی بەرز رەخنەی تووند ئاراستەی دۆن دەکات و دەڵێت "ئەگەر گۆڵمان لێ بکرایە، هەموو شتێک تێکدەچوو".
 
رۆناڵدۆ، کە هەمیشە وەک رزگارکەری تیپەکە دەردەکەوت، ئەم قسانەی وەک سووکایەتییەکی کەسی وەرگرت. بەتووڕەییەکی بێ وێنەوە هاواری کرد "دوای هەموو ئەو کارانەی بۆ تۆم کردووە، ئاوا مامەڵەم لەگەڵ دەکەیت؟ چۆن دەوێریت قسەی ئاوام پێبڵێیت؟"
 
رستە بکوژەکەی مۆرینیۆ
 
کاتێک مۆرینیۆ بینی رۆناڵدۆ ئامادە نییە هێمن بێتەوە، کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدا و رستەیەکی بەکاریهێنا کە وەک خەنجەر وابوو بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گوتی "تەنیا بۆ ئەوەی بزانیت.. زۆر کەس لێرە وەک من بیر دەکەنەوە، بەڵام بوێریی ئەوەیان نییە رووبەڕوو پێت بڵێن!".
 
لوکا مۆدریچ لە لێدوانێکی نوێدا، دەڵێت "بەچاوی خۆم بینیم مۆرینیۆ لە ژووری جلگۆڕیندا وای لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد بگریێت، لەبەرئەوەی بەدوای یاریزانێکی تیپی بەرامبەردا راینەکرد".
 
نزیک بوو لە شەڕە بۆکس!
 
دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆز بوو، خەریک بوو ململانێکە بگۆڕێت بۆ شەڕی جەستەیی. هەریەکە لە کاسیاس، ئاربێلوا، خدڕرە و رامۆس دەستبەجێ کەوتنە نێوانیان و رێگرییان کرد لەوەی کارەسات رووبدات.
 
ئەم رووداوە بووە خاڵی وەرچەرخان. لەو رۆژەوە رۆناڵدۆ هەموو هەوڵەکانی مۆرینیۆی بۆ ئاشتبوونەوە رەتکردەوە. تاوەکو ئەمڕۆش، دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاونیشتمانییە پچڕاوە و ئەو برینەی ئەو شەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دروست بوو، هێشتا ساڕێژ نەبووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە