باڵۆندۆری 2025.. شەوێکی ئاڵۆز بۆ پاریس سانجێرمان

22-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان باڵۆندۆر
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە شەوی دابەشکردنی باڵۆندۆردا بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا دەبووایە زۆرترین نوێنەری لە ئاهەنگی بردنەوەی خەڵاتەکاندا ئامادەبن.

ئەمشەو کاژێر 22:00 رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڤاری فرانس فوتبوول دەستپێدەکات و براوەی باڵۆندۆری 2024-2025 دەستنیشاندەکرێت، یانەی پاریس سانجێرمان زۆرترین یاریزانی لەنێو لیستی بەربژێرەکاندا هەیە، بەڵام زۆرینەیان ئامادەنابن.

بەهۆی ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمان، کلاسیکۆی فەرەنسا بەرامبەر یانەی مارسیلیا دەکات، یاریزانەکانی ناتوانن ئامادەی رێوڕەسمەکە بن و بەشداری لە ئاهەنگەکەدا ناکەن.

دەبووایە رۆژی یەکشەممە یاریی نێوان هەردوو یانە لە مارسیلیا بکرێت، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە یارییەکە دواخرا و بەپێی یاساکانی تۆپی پێی فەرەنسا، هەر یارییەک دوابخرێت راستەوخۆ رۆژی دوای ئەوە دەکرێت، بۆیە ئەمشەو کاژێر 21:00 یارییەکە ئەنجامدەدرێت و کاژێرێک دوای ئەوە رێوڕەسمی باڵۆندۆر دەستپێدەکات.

هەریەکە لە لویس ئێنریکێ، بۆ خەڵاتی باشترین راهێنەر، عوسمان دێمبێلی، جواو ڤیتینیا، خڤیچا کڤاراتسخێلیا، فابیان رویز، دێزری دۆوێ، ئەشرەف حەکیمی، نونۆ مێندێز، جواو نێڤێس و جیانلویجی دۆنارووما، گۆڵپارێزی پێشووی یانەکە و ئێستای مانچێستەر سیتی ناویان لەنێو لیستی بەربژێرەکاندایە، بەڵام بەهۆی یارییەکەوە جگە لە دێمبێلی، نێڤێس و دێزری دۆوێ، هیچ یاریزانێکی دیکە ئامادەی رێوڕەسمەکە نابێت، ئەمانەش بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن بۆیە ئامادەدەبن.

لە کاتی دواخستنی یارییەکە یانەی پاریس سانجێرمان هیچ ناڕەزایەتییەکی پێشاننەداوە، هەرچەند پێیخۆشبوو یارییەکە لە کاتێکی دیکە ئەنجامدرابا، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت لویس ئێنریکێ، کە بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین راهێنەر لە ئاهەنگەکە ئامادەبێت.

جگە لەو یاریزانانەی پاریس سانجێرمان، بەبڕیاری فلۆرێنتینۆ پێرێز، هیچ ئەندام و یاریزانێکی یانەی ریال مەدرید بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا ناکەن، لەکاتێکدا ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام ناویان لەنێو بەربژێرەکاندایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە