هەژەندێکی گەورە لە مۆرینیۆوە بۆ هەموو ئەورووپا

22-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتی بێنفیکا، دەیەوێت بە هەژەندێکی گەورە هەموو ئەورووپا سەرسام بکات و ئەستێرەیەکی پێشووی بباتەوە لای خۆی.
 
دوای ئەنجامدانی یەکەم یاری وەکو راهێنەری یانەی بێنفیکا و بردنەوەی یەکەم یاری لەگەڵ یانەکە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئامانجێکی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە بۆ هاوینی داهاتوو ئاشکرا دەکەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کەریم بنزیما یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی جۆزێ مۆرینیۆ دەبێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پۆرتوگال، دوای دوو ساڵ لە رۆیشتن لە ئەورووپا، ئەگەری هەیە جارێکی دیکە کەریم بنزیما بگەڕێتەوە بۆ خولەکانی ئەورووپا، یانەی بێنفیکا لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆ هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات، لەکاتێکدا پێشتر مۆرینیۆ لە فێنارباخچە داوای ئەو یاریزانەی کردبوو، بەڵام لە گواستنەوەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە سەرکەوتوو نەبوو.
 
لە ئەگەری رازیبوونی یانەی ئیتیحادی سعودی بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە، ئەگەری هەیە لە زستانی داهاتوودا بێنفیکا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە چڕتر بکاتەوە.
 
جگە لە بێنفیکا چەند یانەیەکی فەرەنسی و ئەمریکیش بیر لە گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەنەوە و رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
پێشتر بنزیما لەژێر سەرپەرشتی مۆرینیۆ ماوەی سێ ساڵ یاریی بۆ یانەی ریال مەدرید کردووە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سپێشەڵ وەن هەیە.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە