ڤیدیۆ؛ زاخۆ یارییەکی مێژوویی دەکات و چاوی لە دووەم بردنەوەیە

22-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی زاخۆ
یانەی زاخۆ
نیشانەکردن یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لەبەردەم رۆژێکی گەورە و مێژووییدایە و دووەم یاریی خۆی لە جامی کەنداودا ئەنجامدەدات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی سترەی بەحرەینی دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 18:00 یانەی زاخۆ لە دووەم یاریی خۆیدا لە جامی کەنداودا دەبێتە میوانی یانەی سترەی بەحرەینی و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی دووەم بردنەوەی لەسەریەک دەکات.
 
ئەمە یەکەم یاریی زاخۆیە، لە مێژووی یانەکەدا لە دەرەوەی کوردستان و عێراق، یانەکە بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و چاوی لە تۆمارکردنی مێژووییەکی نوێیە.
 
زاخۆ دوو رۆژ بەر لە یارییەکە چووە مەنامەی بەحرەین، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە یانەکە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە دەستپێکرد و یاریزانەکان بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەن.
 
هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ و سەرۆکی شاندی یانەکە لە بەحرەینەوە بە رووداو سپۆرتسی گوت "هەموو ئاسانکارییەکی کارگێڕی بۆ تیپەکە کراوە و کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی تیپەکە دەکات و هەموو پاڵپشتییەکیان دەکات بۆ ئەوەی دووەم بردنەوە لە جامی کەنداودا تۆماربکەن."
 
حەمید ئیسماعیل، یاریزانی پێشووی یانەکە و سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ، لە مەنامەوە میوانی بوولتەنی کاژێر 13:30ـی وەرزشی رووداو بوو و گوتی "زۆر دڵخۆشم ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە و چاوەڕێی ئەم رۆژەمان دەکرد، یانەی زاخۆ بەشداری لە جامی کەنداودا بکات."
 
سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ دەڵێت "یاریزانەکان بە ورەیەکی بەرزەوە خۆیان ئامادەکردووە، جگە لەوەی حەمید عەلی بەبڕیاری راهێنەر دوورخراوەتەوە، ئەحمەد ئیبراهیم، بەرگریکاری یانەکەش لە مەشقەکانی دوێنێدا هەستی بە ئازار کردووە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام تیپەکەمان تیپێکی زۆرباشە و یاریزانی باش هەن بۆ ئەوەی شوێنی ئەو یاریزانە بگرنەوە و بەشداری لە یارییەکەدا بکەن."
 
حەمید ئیسماعیل، زیاتر گوتی "لە دوای بردنەوەمان لە یانەی قادسیە، ویسام رزق، راهێنەری یانەکە دەستی بە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ یانەی سترەی بەحرەینی کردووە و کاری لەسەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو یانەیە کردووە بۆ ئەوەی تیپەکەمان بەباشترین شێوە ئامادەبێت و رکابەری لەسەر بردنەوەی یارییەکە بکات."
 
سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە دەڵێت "داوا لە هاندەران دەکەین، بەردەوام پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن، چونکە پێویستە هاندەران بزانن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ بەردەوام لەسەر هێڵە، بە مانەوی و داراییەوە پاڵپشتیی یانەکە دەکات و هیوادارین بتوانین ئەم سێ خاڵە بکەینە دیاری بۆ هاندەران."
 

 

زیاتر لە 500 هاندەری یانەی زاخۆ داوای ڤیزای بەحرەینیان کردبوو، بۆ ئەوەی بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە بچنە ئەو وڵاتە، بەڵام ڤیزا نەدرایە هیچ یەکێک لە هاندەرەکان و ئەمڕۆ زاخۆ بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی یارییەکە ئەنجامدەدات، بەڵام هەزاران هاندەر لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی زاخۆ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە سەیری یارییەکە بکەن.
 
بەشێکی هاندەرانی یانەکە قسەیان بۆ رووداو کرد و ئەوان گەشبینن بە تیپەکەیان و پێیانوایە یانەکەیان دەتوانێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە