رووداو دیجیتاڵ
لە دووریی سێ کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی سەنتەری شارەکە، یاریگەی سێلتیک پارک هەیە. ئەو یاریگەیەی میوانداریی یارییەکانی یانەی سێلتیک دەکات کە یەکێکە لە مەزنترین دامەزراوە وەرزشییەکانی سکۆتلەندا لە 1892ەوە.
لە دەرەوەی دەروازەی سەرەکیی یانەکە، سێ پەیکەر هەن، یەکێکیان هی دامەزرێنەری یانەکە، قەشەی ئێرلەندی ئالفرێدە، دووەمیان هی جیمی جینکی لاباڵی مەزنی یانەکە و سێیەمیان مەزنترین راهێنەر لە مێژووی یانەکەدا، جۆ شتاین. لە ژێر پەیکەرەکەی ئەو راهێنەرە کۆچکردووەدا وتەیەکی ئەو نووسراوە، "تۆپی پێ بەبێ هاندەر هیچ نییە".
لە تەنیشت بەشەپەیژەی جۆ شتاین لە یاریگەکەدا، دروشمی زەبەلاح هەڵواسراون، کە ئەو هەشت وەرزە بەبیردەهێننەوە کە یانەکە سیانەی نێوخۆیی تێدا بەدەستهێنا، ئەمە جیا لە دروشمی یانەکە دوای ئەوەی لە ساڵی 1967 بوونە یەکەم تیپی بەریتانی نازناوی جامی ئەورووپا (چامپیۆنزلیگی ئێستا) ببەنەوە، دروشمەکە دەڵێ، "ئەنجامماندا بە تۆپی پێ، تۆپی پێیەکی تەواو، جوان و داهێنەرانە".
لە بەرامبەر ئەم مێژووە مەزنەدا، فرۆشگەی زەبەلاحی یانەکە لە جەژنەکانی کریسمسدا، داری سەری ساڵ و هەموو کەرەستەیەکی دیکەی ئەو جەژنە دەفرۆشێت، لۆگۆ و ئاڵای یانەکە بەهەموویانەوە هەن و لەسەریان دروشمە هەمیشەییەکە هەیە، "تۆ بۆ سێلتیک یاریی ناکەیت، تۆ بۆ سێلتیک دەژیت".
هەندێک رۆژ، ئەو جێگایە بە پارکهید ناودەبرێت، ئەو ناوەی لەو ناوچەیەوە وەرگیراوە کە یاریگەکەی لێیە، رۆژانی دیکەش ناوەکە دەبێتە بەهەشت. نازناوێک کە لەسەرەتای دروستبوونەوە لە جێگەکە نراوە، بەڵام لەماوەی رابردوودا بەکارهێنانی کەمبووەتەوە. ئێستا ویلفرید نانسی، یاریزانی نوێی یانەکە بەسەرسوڕمانەوە لەوە دەڕوانێت ئاخۆ هەڵەی کردووە لەو ناوەی گوێی لێبووە؟ بەهەشت..
نانسی لە کۆڵۆمبۆس کرۆی ئەمریکییەوە و بەر لە دوو هەفتە، روویکردە سێلتیک. ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بووایە، ئەو ئێستا هاوڕێ نوێیەکانی لە تیپەکەدا ناسیبوو و لەگەڵ کەشەکەدا رادەهات، هەروەها لەگەڵ خۆشییەکانی گرێبەستێکدا دەژیا کە لە ناوەڕاستی 2028 کۆتایی دێت. بەڵام ئێستا لە گلاسکۆ دۆخەکە ئاوارتەیە، هەفتەی پێشوو دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە دەڵێ، نانسی لە پایتەختی تۆپی پێی سکۆتلەندا، کۆتایی هات.
دەنگۆکە درۆیە، بەڵام بەرجەستەکەری دۆخی ناسەقامگیری نانسییە لە یانەکە، هەروەها نامۆترین وەرز لە مێژووی نوێی یانەکەدا.
چیرۆکەکە هاوینی رابردوو دەستیپێکرد. کە هاوکاتبوو لەگەڵ ساڵی سێیەمی گرێبەستی برێندا رۆجێرز لەگەڵ یانەکە و ویستی یانەکە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.
دۆجەرز دوودڵ بوو، ئەو بینی لە مانگی یەکدا کیۆجۆ فورۆهاشی هێرشبەریان فرۆشت، دواتر نیکۆلاس کونی روویکردە کۆمۆی ئیتاڵی. راهێنەرەکە هەستیکرد سێلتیک ئامادەنییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کایرات ئەلماتیی لە یاریی یەکلاکەرەوەی سەرکەوتوو بۆ چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتدا. سەرکەوتن بۆ قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ لە رووی دارایی و گرێبەستی داهاتوو و بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆبوون، زۆر گرنگ بوو.
سێلتیک بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان دەرکرا. پێدەچێ دوای ئەوە رۆجێرز دەستپێشخەرییەکانی یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پشتگوێ خستبێت، هەربۆیە ئاست و ئەنجامی تیپەکە پاشەکشەی کرد.
ئادەم ئایدای هێرشبەر بەهەمان شێوە فرۆشرا، ئەوە لە دوایین رۆژی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا روویدا. لە 19ی مانگی 10، سێلتیک بۆ یەکەمجار لە دوای 37 ساڵ، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە دێندی دۆڕا. دوای ئەوە، رۆجێرز قسە بەناوبانگەکەی خۆی کرد، "ئەگەر سویچی ئۆتۆمبێلی هیۆندای سیفیکیان دایتێ، وەک فیراری لێی مەخوڕە".
دوای هەفتەیەک، سێلتیک جارێکی دیکە بە هائارتس دۆڕا و دوای 24 کاژێر لەوە، رۆجێرز یانەکەی بەجێهێشت و بەخێرایی داوای دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵکرا، پاشئەوەی دیرمۆت دیزمۆندی خاوەنی پشکی گەورەی یانەکە، ئەوی بە خۆپەرست و بەشداربوو لە دروستکردنی کەشێکی ژەهراوی لە یانەکەدا تۆمەتبارکرد.
رۆیشتنەکەی رۆجێرز کاردانەوەی زۆری بەدوادانەهات، هاندەران دەیانگوت ئەو تەنیا نازناوی ناوخۆ دەباتەوە و ئەو تۆپ گواستنەوەیەی بەرگریکەرەکان لەنێو خۆیاندا دەیکەن، "ئاماژەیەکی شوومە".
رۆیشتنەکەی رۆجێرز سەری نەکێشا بۆ یەکگرتوویی سێلتیک. چونکە کارگێڕیی یانەکە لە ناکۆکیی قووڵدابوو لەگەڵ ژمارەیەکی گەورەی هاندەرانی یانەکە. لەسەرەتاکانی مانگی یانزەدا، گرووپی گەورەی هاندەرانی یانەکە 'دەستەی سەوز' چوونە ژوورەوەیان بۆ سێلتیک پارک، لێ قەدەخەکرا.
دوای ئەوە، مارتن ئۆنێلی 73 ساڵان لەناکاو وەک راهێنەری یانەکە سەریهەڵدایەوە، لە کاتێکدا ئەو پێشتر پێنج ساڵی ناوازەی لەگەڵ تیپەکەدا هەبوو. ئۆنێل هەندێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لەم نێوانەدا، سێلتیک پەیوەندییان بەنانسییەوە کرد، بەڵام ئەو بەهۆی کاروباری کاخەزییەوە، کارەکانی دواکەوت، بەڵام کاتێک گەیشت، بینی ناوی لە راگەیاندنی پەیوەندیکردنی بەیانەکە، بەهەڵە نووسراوە. لە کۆنگرەی ساڵانەی یانەکەدا، هاندەران بەتووڕەییەوە ئامادەبوون و کارتی سووری سیمبوولییان بەڕووی ئەندامانی یانەکەدا بەرزکردەوە. پیتەر لولی ئەندامی دێرینی کارگێڕیی یانەکە، کۆبوونەوەکەی راگرت.
لە یەکەم یاریی نانسیدا، هائارتسی پێشەنگی خول لە یاریگەی سێلتیکدا و لە ژێر بارانێکی بەخوڕدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. دوای چوار رۆژ و لەسەر هەمان یاریگە، رۆما بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر لە گێمی یەکەمدا پێشکەوت لە خولی ئەورووپیدا و یارییەکەش هەر بەهەمان ئەنجام کۆتایی هات. دوای سێ رۆژی دیکە، سێلتیک یاریی کۆتایی خولی سکۆتلەندای لەسەر یاریگەی هامبدن پارک بەرامبەر سانت مێرین دۆڕاند.
نانسی 48 ساڵان، بێئومێد دەرکەوت، پاش سێ شکست و دوای ئەوەی ناچاربوو یاریزانەکانی بەبێئومێدییەوە ببات و بۆ یارییەکی دیکە بەرامبەر دێندی یونایتد، بەسیستمی 3 - 4 - 3 رووبەڕووی ئەو تیپە بباتەوە.
بەر لە یارییەکە لولی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە یانەکە دەڕوات. لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی، "سووکایەتی و هەڕەشەکانی هەندێک لایەن زۆر زیادیان کردووە و ئیدی بەرگەگیراو نییە".
لە یارییەکەدا، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی یانەکە کە مابوونەوە، بینییان تیپەکەیان لە گێمی یەکەمدا بەگۆڵێک پێشدەکەوێت، بەڵام دوای نزیکەی کاژێرێک، دێندی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەپێش بوو. دوای ئەو یارییە دەرکەوت دێندی یونایتد یەکەمجارە لە 2014ەوە لە سێلتیک دەباتەوە.
لە مێژووی یانەکەد، لە 1978ەوە سێلتیک چوار شکستی بەسەریەکەوەی نەبووە.
لە کاتێکدا نانسی بەسەر هێڵی یاریگەدا رێی دەکرد، دوای کۆتایی یارییەکە. ئەو هاندەرانەی سێلتیک کە لەپێناو تیپەکەدا سەفەریان کردبوو، هاواریان دەکرد، "نانسی بڕۆ بۆ دۆزەخ".
کاتێک نانسی دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەنووسانکرد، تەمومژی زیاتری بەدۆخەکە بەخشی، ئەو گوتی لە قورسیی داواکاریی و پێویستییەکانی تۆپی پێ سکۆتلەندا تێدەگات. بەڵام ئەو تاوەکو ئێستا پێشانی نەداوە تێگەیشتنەکەی چۆنییە و چۆن دەبێت؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ