رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە یاریی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بێنفیکای پۆرتوگالی بەڕێوەدەچێت، یەکێکیان دەگاتە قۆناخی داهاتوو و ئەوەی دیکەشیان ماڵئاوایی دەکات.
لە یاریی چووندا بێنفیکا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاوە، یارییەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا دوای ئەو رووداوانەی لەنێوان ڤینیسیۆس جونیۆر و جیانلوکا پرێستیانی روویاندا.
لەو یارییەدا جۆزێ مۆرینیۆ، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەو شێوەیە راهێنەرەکە ناتوانێت لەسەر کورسی راهێنەرایەتی دابنیشێت و لە نزیکەوە رێنوێنی یاریزانەکانی بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، تاوەکو ئێستا مۆرینیۆ پرسی ئامادەبوونی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یەکلانەکردووەتەوە، راهێنەرەکە بڕیاری نەداوە لە کوێ دادەنیشێت و سەیری یارییەکە دەکات.
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "پێشبینی دەکرێ مۆرینیۆ نەچێتە یاریگەی بێرنابیۆ و لە هۆتێل سەیری یارییەکە بکات، بەتایبەت کە پێشتر ئەو شێوازەی لەگەڵ چێڵسی و ریال مەدریدیش تاقیکردووەتەوە."
سەرچاوەکە دەڵێت "ستراتیژیی هۆتێلەکە پارێزگاری لە تایبەتمەندی و کۆنترۆڵی تەواوی نامەکانی تیپەکە دەکات، بەدوور لە کامێراکانی راگەیاندن." بەمشێوەیە رەنگە مۆرینیۆ بتوانێت باشتر رێنوێنی یاریزانەکانی بکات لە یارییەکەدا.
بەم رێگەیە مۆرینیۆ دەیەوێت هەموو بیرکردنەوەی لای یارییەکە بێت و خۆی لە هەموو گوشارێکی هاندەرانی ریال مەدرید بپارێزێ بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە رکابەرییەکە نەکرێتە دەرەوە.
لەبارەی کرانە دەرەوەی لە یاریی چووندا، دوای یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید، جۆزێ مۆرینیۆ گوتی "چونکە راستیم گوتووە، بۆیە ناوبژیوان کارتی سووری پێدام."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ