یەکەم قوربانیی چاپی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید ئاشکرابوو

23-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی نوێی یانەی ریال مەدرید بەسەرکردایەتیی چاپی ئەلۆنسۆ، دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی هەندێک لە یاریزانانەوە زیاتر دەبن، بەتایبەتیش کە چاوەڕوان دەکرێت یانەکە ستراتیژێکی نوێ لە گواستنەوەی یاریزاناندا پەیڕەو بکات بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی و ئامادەکاری بۆ رکابەرییەکانی داهاتوو.
 
لەکاتێکدا کە ناوی ئەستێرەی بەرازیلی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی یانەکە دێت و دەستکاری ناکرێت، وادیارە رۆدریگۆی هاونیشتمانییەکەی دەبێتە یەکەم قوربانیی ئەم قۆناخە نوێیە.
 
نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس
 
رۆدریگۆ هەمیشە بەهرەیەکی ناوازەی پیشان داوە و توانای یەکلاییکردنەوەی یارییەکانی لە کاتە هەستیارەکاندا هەبووە، بەڵام دۆخی ئێستای لە یانەکە لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە. نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس و بوونی بە یەکێک لەو یاریزانانەی کە بەرزترین مووچە وەردەگرن، سەرەڕای زیادبوونی قسەوباسەکان لەسەر گواستنەوەی یاریزانی نوێ بۆ بەهێزکردنی هێڵی پێشەوە، بەتایبەتیش هێرشبەری سەرەڕم، هەموو ئەمانە هۆکارن و ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی رۆدریگۆ بۆ یاریکردن لە باڵی چەپ، کە شوێنی دڵخوازی خۆیەتی.
 
رۆدریگۆ.. کارتێکی سووتاو و بەرانی قوربانی؟
 
لە وەرزەی رابردوودا، رۆدریگۆ بەدەست دۆزینەوەی شوێنێکی جێگیرەوە لەژێر تاکتیکە جیاوازەکانی راهێنەری پێشوودا دەیناڵاند.
 
سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ سەلماندنی تواناکانی لە زیاتر لە شوێنێکدا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر پێشکێشکردنی ئەو ئاستە بەرزەی کە چاوەڕوانی لێدەکرا، بەمەش لەلای هەندێک کەس بووە "کارتێکی سووتاو" یان "بەرانی قوربانی" بۆ هەندێک لە ئەنجامە نائومێدکەرەکان.
 
لایەنی ئابووریی گرێبەستەکە
 
جگە لەوەش، رۆیشتنی رۆدریگۆ لەوانەیە ببێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کارگێڕیی ریال مەدرید تاوەکو بودجەی یانەکە باشتر بکات. ئەگەر بەنرخێکی باش بفرۆشرێت، ئەمە یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ دابینکردنی ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەی دیکە کە یانەکە لە شوێنی دیکەد پێویستی پێیەتی.
 
بۆ نموونە، دەگوترێت گرێبەستی بەرگریکاری باڵی چەپ، ئەلڤارۆ کارێراسی یاریزانی یانەی بێنفیکا، لەسەر بڕە پارەیەکی کەم وەستاوە، کە بە پێنج ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بڕێکە کە دەکرێت بەئاسانی لەڕێگەی فرۆشتنی رۆدریگۆوە دابین بکرێت.
 
بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و کەمکردنەوەی خەرجییەکان
 
هەروەها، قسەکردن لەسەر گواستنەوەی بەرگریکارێکی دڵی بەرگری نوێ یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کارگێڕیی ریال مەدرید، بەڵام دوودڵی لە پێدانی نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی وەک ندیکا لە یانەی رۆما، ئاماژەیە بۆ پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان.
 
بۆیە، فرۆشتنی یاریزانێک بە بەهای رۆدریگۆ لەوانەیە دەرگا بۆ یانەکە بکاتەوە تاوەکو هێڵی بەرگریی بە یاریزانێکی کوالیتی بەرز بەهێز بکات، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیریی دارایی یانەکە هەبێت.
 
ئاماژەکان روونن
 
گومانی تێدا نییە کە رۆدریگۆ بەهایەکی هونەریی بەرزی هەیە، بەڵام بارودۆخی ئێستای ریال مەدرید، لە نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆسەوە تاوەکو ئاراستەی بەهێزکردنی پێگەی هیرشبەری سەرەڕم، سەرەڕای خواستی باشترکردنی بودجە و ئەنجامدانی گرێبەستی دیکە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەم ئەستێرە بەرازیلییە لەوانەیە ببێتە یەکەم قوربانی لە سەردەمی چاپی ئەلۆنسۆدا.
 
لەوانەیە یانەکە لە تۆیشتنی ئەودا چارەسەرێک بۆ زۆر لە کێشە هونەری و داراییەکان بدۆزێتەوە کە لە هەوڵیدا بۆ دروستکردنی تیپێکی بەهێز رووبەڕووی دەبێتەوە؛ تیپێک کە توانای رکابەریکردنی لەسەر هەموو نازناوەکان هەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە