رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی بەتەواوی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی رایبگەیێنێت.
گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ تەنیا 7 رۆژی ماوە، تاوەکو ئێستا نویکردنەوەی گرێبەستەکەی رانەگەیێنراوە و ئەمەش بەشێکی هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە.
میدیای سعودیە لە نوێترین پێشهاتدا دەڵێت "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، یانەی نەسڕ سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە ئاساییەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەیە و هەموو شتێک لەبارەی نوێکردنەوەی بەرەو کۆتایی دەچێت."
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی “الرياضية”ـی سعودی، رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ دۆن کراوە، بۆ بەردەوامبوونی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە و گرێبەستە نوێیەکەی لە چەند رۆژی نزیکی داهاتوودا بەفەرمی رادەگەیێنرێت.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گرێبەستی رۆناڵدۆ تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 نوێدەکرێتەوە و بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵ دەبێت، بەڵام ئەوەیان لەسەر بڕیاری رۆناڵدۆ دەمێنێتەوە لە دوای کۆتاییهاتنی وەرز.
نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ لەکاتێکدایە، ماوەی رابردوو دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بڵاوکرانەوە کە گوایە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی یانەی نەسڕ وەرزێکی سفریی بەڕێکرد و هیچ نازناوێکی نەبردەوە.
رۆناڵدۆ بۆ مۆندیالی یانەکان لەلایەن چەند یانەیەکەوە داواکرابوو، بەڵام یاریزانەکە رەتیکردەوە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە زستانی 2023 بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد و مووچەی ساڵانەی یاریزانەکە 200 ملیۆن یۆرۆیە، دوو وەرزی رابردوو لە خولی سعودی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووەتە گۆڵکاری خولەکە، بەڵام نەسڕ نەیتوانیووە نازناوی خولەکە بباتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، کریستیانۆ بۆ وەرزی نوێ داوای گۆڕانکاریی زۆری لە یانەکەی کردووە، بۆ ئەوەی تیپێکی بەهێزیان هەبێت و رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ