رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە دوو یاریی دیکە بەڕێوەدەچن، دوو یانە ماڵئاوایی دەکەن و دووەکەی دیکەش دەگەنە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان.
لەم کۆمەڵەیەدا رکابەرییەکی بەهێز هەیە و هێشتا هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە، یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی بەسەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی بەرامبەر یانەی پالمێراسی بەرازیلی یاری دەکات و پۆرتۆی پۆرتوگالی رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسری دەبێتەوە.
لیۆنێل مێسی بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەی ئینتەرمەیامیدا کردووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی یانەکەی بکات، بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لەگەڵ یانەکە و گەیشتن بە قۆناخی شازدەی یەکەم مۆندیالی یانەکان لە شێوازی نوێدا.
خاڤێر ماسکێرانۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی لەبارەی مێسییەوە دەڵێت "یاریزانێکی پێشەنگە لەنێو یاریگەدا و لە دەرەوەی یاریگەش، یاریزانێکە هەوڵدەدات ئەوەمان پێشانبدات کە چۆن رکابەری بکەین، بۆیە پێویستە شوێنی بکەوین، ئەگەر بمانەوێت رکابەری بکەین، پێویستە هەوڵبدەین لێیەوە نزیکبین، پێشتریش گوتبووم، بۆ من دەستکەوتێکی گەورەیە کە لەم ساتەدا بژیم و هەوڵبدەم یارمەتیی بدەم بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش."
پالمێراس بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک خاوەنی چوار خاڵە و بە جیاوازیی گۆڵ لە پێش ئینتەرمەیامییە، هەردوو یانە رکابەریی یەکدی دەکەن، بەیەکسانبوونیان لە یارییەکەدا هەردوو تیپ راستەوخۆ بەیەکەوە دەگەنە قۆناخی شازدە، بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ یارییەکەی دیکە.
دۆڕانی هەریەکێک لەم دوو یانەیە لە یارییەکەدا و بردنەوەی یەکێک لە ئەهلی و پۆرتۆ هاوکێشەکە دەگۆڕێت و یەکێکیان دەباتە دەرەوەی رکابەرییەکە.
هەردوو یارییەکە لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن و کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ