رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی لیۆنێل مێسی خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی پالمێراسی بەرازیلی یەکسانبوو.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی یەکەمدا، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
لە خولەکی 16 تادیۆ ئالێندێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئینتەرمەیامی تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی ئینتەرمەیامی تەواو بوو.
لە خولەکی 57 مێسی بەلێدانێکی بەهێز خۆی تاقیکردەوە، بەڵام تۆپەکەی چووە دەرەوەی یاریگە.
لە خولەکی 64 لیۆنێل مێسی تۆپێکی دایە لویس سوارێز و گۆڵی دووەمی ئینتەرمەیامیی لێ بەرهەم هات.
خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە بۆ ئینتەرمەیامی زەحمەتبوون، لە خولەکی 80 پاوڵینیۆ ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
دوای 7 خولەک ماوریسیۆ بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
پالمێراس بە یەکەمی کۆمەڵەکە گەیشتە قۆناخی شازدە و بەرامبەر بۆتافۆگۆ یاریی دەکات، ئینتەرمەیامی بە دووەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر پاریس سانجێرمان یاری دەکات، ئەم یارییە بۆ لیۆنێل مێسی زۆر تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا بەرامبەر یانەی پێشووی یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ