رووداو دیجیتال
یانەکانی چین جارێکی دیکە هاتنەوە سەرهێڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی یانەی ریال مەدرید و دەیانەوێ بە مووچەیەکی خەیاڵی رازی بکەن.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا هەواڵێکیان لەسەر گرنگیپێدانی یانەکانی چین بە سێرخیۆ رامۆس بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە کە چینییەکان ئامادەن پارەیەکی خەیاڵیی بخەنە بەردەستی رامۆس بۆ ئەوەی ئامادەبێت یانەکەی جێبهێڵێت، ئەمە لە کاتێکدا کە سێرخیۆ تەمەنی بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و ئێستا 34 ساڵە.
رامۆس ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییدێت، ئەمەش کێشەی بۆ کارگێڕیی یانە شاهانەکە دروستکردووە و هێشتا ئامادەنین گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ بکەنەوە و دەیانەوێ ساڵانە گرێبەستەکە درێژەپێبدەن، ئەمەش رامۆسی دڵتەنگکردووە، ئەم کێشانە بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێنەوە کە نێوانی سێرخیۆ و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید ناکۆکییان تێکەوت و هەر لەسەر ئەو مەسەلەیەش خەریکبوو کاپیتانۆ رامۆس یانەکەی جێبهێڵێت.
یانەی شەنگەهای شینوای ئامادەیە زیاتر لە 20 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵآنە بداتە رامۆس، لە کاتێکدا خۆی لە ریال مەدرید نزیکەی 13 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
میدیاکانی چینیش ئەم هەواڵەیان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەوان دەڵێن جگە لە شەنگەهای شینوا، یانەیەکی دیکە لە چین ئامادەیە 22 ملیۆن وەک مووچە بداتە ئەو یاریزانە، بەبێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرابکەن.
رامۆس ئامادەیە تا کۆتایی گرێبەستەکەی لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام گرێنتییەکی نییە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ