مۆرینیۆ هێرشێکی تووند دەکاتە سەر گواردیۆلا

23-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ پێپ گواردیۆلا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی رەخنەی تووند  لە پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی دەگرێت و پێیدەڵێت "ئەگەر بە دەستگرتن بە بیرۆکەکەتەوە مردیت، ئەوا تۆ گەمژەیت".
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فێناربەخچەی تورکی، رەخنەی تووند ئاراستەی پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی دەکات بەهۆی ئەوەی کەلـلەڕەقی لەسەر بیرۆکە و سیستمی یاریکردنی دەکات.
 
مۆرینیۆ لە هەڤپەیڤینیکدا لەگەڵ کەناڵی "کەناڵ 11" گوتی "ئەمڕۆ یەک شێوازی یاریکردن بوونی نییە، بەڵکو چەندین رێگا بۆ یاریکردن هەن. چیدی یەک سیستمی تاکتیکی بوونی نەماوە، بەڵکو شێوازی هەمەجۆر هەن بۆ بنیاتنانی هێرش و بەرگریکردن".
 
سپێشەڵ وەن جەختیشی لەوە کردەوە "ئەمە پێویستی بە مەشق و راهێنانی ئاڵۆزتر هەیە، کە دەبێت یاریزانەکان پەرەبسێنن و زانیاری نوێ وەربگرن. کێشەکە کاتێک دەست پێدەکات کە هەوڵی کۆپیکردن و لاساییکردنەوە دەدەیت، بەبێ ئەوەی بارودۆخی گونجاو بۆ ئەوە لەباربێت".
 
وەک نموونەیەکی راستەوخۆ بۆ ئەو بۆچوونەی، مۆرینیۆ ئاماژەی بە پێپ گواردیۆلا کرد و گوتی "یاریکردن لەدواوە بە گۆڵپارێزێکی تەختەدار کارێکی ئاڵۆزە. بیرمە گواردیۆلا جۆ هاردی هەبوو، کە باشترین گۆڵپارێزی ئینگلیزی بوو، بەڵام ویستی گرێبەست لەگەڵ کلاودیۆ براڤۆ بکات، کە ئەویش بەس نەبوو. پاشان ئیدێرسۆنی گواستەوە".
 
مۆرینیۆ بەوە کۆتایی بەقسەکانی هێنا کە گوتی "هەندێک راهێنەر هەن شتانێک تاقیدەکەنەوە، بەڵام کاتێک سەرکەوتوو نابن و شکست دەهێنن، دەڵێن "بە بیرۆکەکەمەوە دەمرم". ئەگەر بە بیرۆکەکەتەوە مردیت، ئەوا تۆ گەمژەیت. پێویستە راهێنەران بیرۆکەکانیان لەگەڵ ئەو کەرەستانەدا بگونجێنن کە لەبەردەستیانە".
 
مۆرینیۆ و گواردیۆلا ساڵانێک لە لالیگا رکابەری بەهێزی یەکدی بوون و چەندینجار لێدوانی ئاگرینیان لەسەر یەکدی دەدا، بەتایبەتی جۆزێ مۆرینیۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە