مێسی داواکارییەکی بارسێلۆنا رەتدەکاتەوە

23-10-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەکانی لیۆنێل مێسی ئاشکرایانکرد کە ئەفسانەی ئەرجەنتینی هێشتا زۆر تووڕەیە لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەهۆی شێوازی دەرکردنی لیۆ لە بارسێلۆنا و دەڵێن "زەحمەتە مێسی داواکاریی خوان لاپۆرتا قبوڵ بکات بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمێک بەمەبەستی ماڵئاواییکردن لە هاندەرانی بارسێلۆنا"،.
 
بەرپرسانی بارسێلۆنا لە دۆخێکی گرژ و نائارامدا دەژین، چونکە هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ هێشتا زۆر لە کارگێڕیی یانەکە تووڕەیە، بەهۆی رۆیشتنی کارەساتباری یاریزانەکە لە یانەکە لە ساڵی 2021 کە کاریگەرییەکی قوڵی لە دڵی هاندەرانی تیپەکەدا جێهێشت.
 
لەم دواییانەدا، سەرۆکی یانەکە، خوان لاپۆرتا، دانی بەوەدانا کە پەیوەندی نێوان ئەو و لیۆنێل مێسی "کەمێک گرژ و ئاڵۆز بووە"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان  تا راددەیەک پەیوەندییەکانیان گەڕاندووەتەوە. بەڵام وادیارە دۆخەکە وەک ئەوە نییە کە لاپۆرتا ئاواتەخوازە.
 
بەگوێرەی لێدوانەکانی جۆردی میستری، جێگری پێشووی سەرۆکی بارسیلۆنا، لاپۆرتا راست ناکات و دووپاتیکردەوە کە مێسی هێشتا تووڕەییە و لە دڵی دەرنەچووە.
 
میستری دەڵێت "هەندێک یاریزان لەبەرئەوە هاتوونەتە بارسێلۆنا، چونکە دەیانویست لەگەڵ مێسی یاری بکەن، ئەستێرە جیهانییەکان دەیانویست پەیوەندی بە بارساوە بکەن، چونکە لیۆ لەوێیە. من، لە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە، دەزانم کە مێسی و خێزانەکەی زۆر لە لاپۆرتا تووڕەن". 
 
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی مێسی بۆ یانەکە کرد، چونکە ئەوەی پێشکێشی کردووە تەنیا لەسەر ئاستی وەرزشی نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی داراییش، چونکە گەشتەکانی تیپەکە لەگەڵ مێسی تەواو جیاواز بوون لەوانەی بەبێ ئەو دەکرێن.
 
سەرەڕای ئەم کەشە گرژییە، بارسێلۆنا پلانی داناوە بۆ سازدانی ئاهەنگێکی رێزلێنان بۆ مێسی، بەڵام ئەمە تا تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو ئەنجام نادرێت. بەڵام بەقسەی نزیکەکانی مێسیش بێت، لیۆ هێشتا زۆر تووڕەیە و هەست دەکات لاپۆرتا فێڵی لێکردووە و ئەوی بەکارهێناوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی بارسێلۆنا و دواتر لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لێداوە و لە یانەی ژیانی دەرکردووە. ئەوان دەڵێن "مێسی زەحمەتە هیچ داواکارییەکی لاپۆرتا قبوڵ بکات، سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنای زۆر خۆش دەوێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە