رووداو دیجیتاڵ
راکان وابلی راوێژکاری پزیشکیی سعودیە، ترسی گەورەی لە دڵی بەرپرسانی یانەی هیلالی سعودیدا دروستکرد، پاشئەوەی رایگەیاند بنزیما لە کۆتایی نزیکە.
راکان ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو پێکانانەی بنزیما تووشیان بووە، وادەکات بنزیما بەرگەی زیاتر لە ساڵێکی دیکە یارییکردن نەگرێت.
بنزیما لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، لە ئیتیحادەوە روویکردە هیلال و لە یەکەم دەرکەوتندا لەگەڵ یانە نوێیەکەی، هاتریکی لە دژی ئخدوود تۆمارکرد.
سەرەتا باشەکەی کەریم لەگەڵ هیلال، درێژەی نەکێشا، ئەو یاریزانە دواتر بەرامبەر ئیتیفاق و ئیتیحاد یارییکرد، بەڵام شتێکی ئەوتۆی پێشکەش نەکرد، ئەوەش بووە مایەی ترس لای هاندەرانی هیلال و بەرپرسانی یانەکە، کە پارەیەکی زۆریانداوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە.
یانەی هیلال دواتر رایگەیاند کە ئەو یاریزانە دووچاری پێکانبووە لە ماسوولکەی ناوەوەی رانی و بەوەش لە یاریی داهاتوودا بەشداریی ناکات.
راکان گوتویەتی، لە گەڕی پێشووەوە سەرەتاکانی پێکانەکەی بنزیما دەرکەوتوون، بەڵام بەپێداچوونەوەی مێژووی پێکانە ماسوولکەییە دووبارەکانی کاروانی ئەو یاریزانە، پێموایە جەستەی بەرگەی تەنیا تاوەکو ساڵێکی دیکەی یارییکردن دەگرێت بەهۆی پێکانەوە".
راوێژکارە پزیشکییەکە زیاتر دەڵێ، "بنزیما مێژوویەکی درێژی پێکانی ماسوولکەیی هەیە و بەنزیکەی 150 رۆژ بەهۆی ئەو جۆرە پێکانانەوە لە کاروانی خۆی دابڕاوە، ئەمەش ماوەیەکی زۆرە و بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنی ئەو کە 38 ساڵە، هەروەها کاریگەریی پێکانەکان لەسەر ناوچەی حەوزی ئەو، تەمەنی پێشبینیکراوی یارییکردنی لە ساڵێک زیاتر ناخایەنێت".
یانەی هیلال هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو بۆچوونانەی راوێژکارە پزیشکییەکە نەداوە، بەڵام بەپێی میدیاکان، یانەکە ترسی لەوە هەیە بنزیما بەدەست پێکانی درێژخایەنەوە بناڵێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ