رووداو دیجیتاڵ
نیکۆ ئۆرایلی، یاریزانی لاوی یانەی مانچێستەر سیتی، بووەتە کلیلی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی تیپەکەی پێپ گواردیۆلا و ئاستە بەرزەکەی وای کردووە نەک تەنیا لە یانەکەی، بەڵکو لە هەڵبژاردەی ئینگلتەراش ببێتە یاریزانێکی سەرەکی بۆ مۆندیالی 2026.
مانچێستەر سیتی چاوەڕێی ئەوەی دەکرد نیکۆ گۆنزالێس، دۆخی ناوەراستی تیپەکە بگۆڕێت کە بە 50 ملیۆن پاوەند لە پۆرتۆوە هاتبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا بووەتە بزوێنەری تیپەکە نیکۆ ئۆرایلییە، ئەو کوڕەی تەمەنی 20 ساڵە و لە ئەکادیمیای یانەکەوە بەبێبەرامبەر سەرکەوتووە. ئۆرایلی کە هاندەری سەرسەختی مانچێستەر سیتییە، بەسەر چەندین ئاستەنگدا سەرکەوت، لەوانە پێکانێکی تووندی پاژنەی پێ و نەبوونی هەلی یاریکردن لە تیپی یەکەمدا، بەڵام ئێستا هەموو هاوکێشەکانی پێچەوانە کردووەتەوە.
ئەم یاریزانە لاوە لەسەرەتادا وەك بەرگریکاری چەپ یاری دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی گەڕایەوە شوێنی راستەقینەی خۆی لە هێڵی ناوەراست، تواناکانی زیاتر دەرکەوتن. لە یاری بەرامبەر نیوکاسڵ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتی سەرکەوتنی مانچێستەر سیتی کرد و تیپەکەی لە رکابەری بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگدا بەزیندوویی هێشتەوە.
جیۆلین لێسکۆت، بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر سیتی دەڵێ "نیکۆ بووەتە یاریزانێک کە ناتوانرێت دەستبەرداری بن. ئەو توانایەکی جەستەیی بەهێزی هەیە و لە کاتی گواستنەوەی تۆپدا زۆر خێرایە. گواردیۆلا متمانەی تەواوی پێیەتی و ئەمەش متمانەیەکی زۆری بەو یاریزانە بەخشیوە".
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی سەبارەت بەم درەوشانەوەیەی نیکۆ گوتویەتی "چ یاریزانێکی ناوازەیە؟ ئەو لە چەندین شوێنی جیاواز یاری کردووە و ئێستا لە شوێنی راستەقینەی خۆی دەبینرێت. نیکۆ ئەو هێزە جەستەییەمان پێدەدات کە لە ناوەڕاستدا پێویستمانە. ئەو یاریزانێکی تەواو گونجاوە بۆ مانچێستەر سیتی".
ئاستبەرزیی ئۆرایلی تەنیا بۆ مانچێستەر سیتی نییە، بەڵکو دیارییەکی گەورەیە بۆ تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا. بەهۆی کەمیی بژاردە لە باڵی چەپی بەرگریدا، توخێل دەتوانێت سوود لە کارامەیی نیکۆ وەربگرێت، هەروەها لە هێڵی ناوەڕاستیشدا نیکۆ بووەتە رکابەرێکی بەهێز بۆ جود بێلینگهام، فیل فۆدن و کۆڵ پاڵمەر بۆ گەیشتن بە پێکهاتەی سەرەکیی ئینگلتەرا لە مۆندیالی 2026.
نیکۆ ئۆرایلی ئێستا نەک تەنیا متمانەی گواردیۆلای بەدەستهێناوە، بەڵکو جێگەی خۆی لە نێو دڵی هاندەرانی مانچێستەر سیتی و پلانەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی ئینگلتەراشدا جێگیر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ