ئامارەکانی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق.. جەوییە و شێرزوود یەکەمن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق شێرزوود تیمیرۆڤ یانەی جەوییە
A+ A-
رووداو دیجیتال

دوای تەواوبوونی 19 گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی جەوییە خاوەن زۆرترین بردنەوەیە و لە پێشەنگی ریزبەندییدایە. شێرزوود تیمیرۆڤی ئەستێرەی یانەی هەولێریش پێشەنگی ریزبەندیی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە. 
 
یانەی جەوییە وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بە 13 سەرکەوتن خاوەن زۆرترین بردنەوەیە و پلەی پێشەنگی ریزبەندییە بەکۆکردنەوەی 43 خاڵ. جەوییە یەکێک لە یانە کۆن و مێژووییەکانی شاری بەغدایە، خاوەن حەوت نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، وەرزی ئەمساڵ بە دەستەیەکی کارگێڕیی نوێ کە بەشێکی زۆرییان ئەفسەری پلەباڵان لە سوپای عێراق دەیانەوێت نازناوەکە ببەنەوە.
 
شێرزوود تیمیرۆڤ، ئەستێرەی پیشەگەری ئۆزبەکستانی یانەی هەولێر، تەمەنی 27 ساڵە و سوپرایزی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو، شێرەکەی هەولێر 15 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری خولەکەیە، ئاستبەرزیی ئەو یاریزانە بەشێوەیەکە یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ رکابەری پلەکانی پێشەنگی ریزبەندی دەکات و درێس زەردەکان بەکۆکردنەوەی 37 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندییان گرتووە و جیاوازییان لەگەڵ پێشەنگ شەش خاڵە. 
 
مەحموود مەواس، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سوریا و یانەی شورتە، ناوێکی خۆشەویستە بۆ هاندەرانی یانەی سەوزپۆشەکان، پێنج وەرزە درێسە کەسکەکەی شورتە دەپۆشێت و بەهرە ناوازەکەی لایەنێکی گەورەی سەرکەوتنەکانی یانەی شورتەیە، مەواس شەش ئاسیستی هەیە و خاوەن زۆرترین رێژەی ئاسیستە لە خولەکەدا. 
 
یانەی نەورۆز دەسپێکێکی باشی لە وەرزی نوێدا نەبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەی وەلی کەریم، راهێنەرە قسەخۆشەکە بۆ سەرکردایەتی یانەکە، هاوکێشەی ئەنجامەکان پێچەوانە بووە و نەورۆزی کوردان لە چوار یاریی رابردوویدا سێ بردنەوەی تۆمارکردووە، بەشێکی گەورە لە ئەنجامە گەورەکانی نەورۆز ئاستبەرزی نێتۆ ئاکارا، ئەستێرەی پیشەگەری بەرازیلییە، کە لە گواستنەوەی زستانەی خولەکەدا پەیوەندی بە یانەی نەورۆزەوە کرد.
 
نێتۆ ئاکارا، یاریزانی یانەی نەورۆز لە چوار یاریی رابردوودا چوار گۆڵ و دوو ئاسیستی کردووە، ئەو ئەستێرەیەی سامبا بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەزموونی نوێم زۆر جوانە لەگەڵ یانەی نەورۆز و هاندەرانی، هەست بەئاسوودەیی دەکەم لە شاری سلێمانی، لای من گرنگ نییە چەند گۆڵ تۆمار بکەم، ئەوەی گرنگە خۆم و هاوڕێکانم بتوانین بۆ سەرکەوتن تێبکۆشین". 
 
یانەی قاسم خراپترین تیپی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، دوای تەواوبوونی 19 گەڕ لە یارییەکان هیچ بردنەوەیەکی نییە و تیپەکە لەنێو گێژاوێکی قوڵی ئەنجامە خراپەکاندایە و تەنیا دوو یاریی یەکسانبووە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندییە. 
 
یانەی شورتە خاوەن بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە کە 31 گۆڵیان تۆمارکردووە، خراپترین هێڵی بەرگریش یانەی قاسمە کە 44 جار تۆڕەکەیان هەژێندراوە. 
 
لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەریەک لە یانەکانی هەولیر، دهۆک، نەورۆز لەگەڵ زاخۆ چوار تیپی کوردی خولەکەن، ئاستێکی بەرزییان پێشکەشکردووە و رکابەرییەکی بەهێزیش دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە