رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بەڕێوەدەچێت و یەکەم یاریی قۆناخەکە لەنێوان دوو یانەی سعودیدا دەبێت و هەردوو یانەی هیلال و ئەهلی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی جەوهەرە لە جەددە بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە شەوی دووشەممە دوایین ئامادەکارییان بۆ یارییەکە کردووە و دەیانەوێت ئەمشەو رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی بکەن.
لە قۆناخی رابردووی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی هیلال سەرکەوتنێکی گەورەی بە 7-0 بەرامبەر گوانژۆی کۆریای باشوور بەدەستهێنا و ئەهلی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر بوریرام یونایتدی تایلەندی بەدەستهێنا.
لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، هەردوو یانە لە خولی سعودی رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئەهلی یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و دەیەوێت بردنەوەی بەرامبەر هیلال دووبارەبکاتەوە.
یانەی هیلال خاوەنی زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیایە 4 نازناوی هەیە، دوایینجار لە 2021 بوو بووە پاڵەوان، ئەهلی هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوێکی مێژوویی نزیکببێتەوە.
ئەم وەرزە سێ یانەی سعودی، هیلال، ئەهلی و نەسڕ لە قۆناخی پێشکۆتاییدان و سبەی نەسڕ بەرامبەر کاواساکیی ژاپۆنی یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ