تیروپشکی جامی عەرەب رادەکێشرێت

24-04-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی عەرەب قەتەر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، وادەی راکێشانی تیروپشکی یەکەم وەشانی پاڵەوانێتی جامی عەرەبی راگەیاند، کە ئەمساڵ رکابەرییەکانی لە قەتەر دەکرێن.

فیدراسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە کۆپیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە رایگەیاند، رۆژی 27ـی ئەم مانگە کە دەکاتە سێشەممەی داهاتوو، تیروپشکی رکابەرییەکانی جامی عەرەب فیفای 2021 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رادەکێشرێت، کە فیفا بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر پاڵەوانێتییەکەی رێکخستووە و ئامانج لێی تاقیکردنەوەی قەتەرە بەر لە بەرێوەبردنی یارییەکانی مۆندیال بە ساڵێک.

رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەبەشداریی 23 هەڵبژاردەی عەرەبی دەبێت لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا.

رێورەسمی راکێشانی تیروپشکەکە کاژێر 21:00 بەبەشدارییەکی کەمی رێکخەران و نوێنەرانی هەڵبژاردە بەشدارەکان دەستپێدەکات، ئەمەش بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە شەش یاریگەی قەتەر کە بۆ مۆندیال ئامادەکراون ئەنجامدەدرێن، بەشێکی یاریگەکان یەکەمجارە بەکاربێن و بەشێکی دیکەشیان کارکردن تێیدا لە قۆناخی کۆتاییدایە.

ئەو هەڵبژاردانەی بەشدارن ئەمانەن، قەتەر، جەزائیر، بەحرەین، کۆمۆرۆس، جیبۆتی، میسر، عێراق، ئوردن، کوەیت، لوبنان، لیبیا، مۆریتانیا، مەغریب، عومان، فەڵەستین، سعودیە، سووماڵ، باشووری سوودان، سودان، تونس، ئیمارات و یەمەن.

دوای راکێشانی تیرۆپشکی پاڵەوانێتییەکە، وردەکارییەکانی زیاتر لەبارەی خشتەی یارییەکان بڵاودەکرێتەوە.

پاڵەوانێتییەکە لە 1 تاوەکو 18ـی 12ـی 2021 بەڕێوەدەچێت، هەلێکی گەورەیە بۆ قەتەر بۆ ئەوەی بەتەواوی خۆی بۆ مۆندیالی 2022 ئامادەبکات، کە یەکەمجارە گەورەترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی جیهان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە