روونکردنەوەیەک لەهاندەرانی نەورۆزەوە لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەی زاخۆ

24-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەورۆز یانەی زاخۆ دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆزی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، رەتیدەکاتەوە لەدوای یارییەکەی نەورۆز و زاخۆ و ئەو رووداوانەی لێیکەوتەوە، هیچ لێدوانێک لەلایەن سەرۆکی دەستەکەوە لە دژی یانەی زاخۆ درابێت.
 
یاریی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە لەسەر یاریگەی نەورۆز ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی کێشە و شەڕی نێوان هاندەران، یارییەکە تەواو نەکرا.
 
توانا حوسێن، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی نەورۆز لە روونکردنەوەیەکدا کە تایبەت بۆ 'رووداو سپۆرتس'ی ناردووە دەڵێ، "ئێمه وەکو دەستەى هاندەرانى يانەی وەرزشى نەورۆز
رایدەگەيەنين، هيچ لێدوان و چاوپێكەوتن و وتەيەكمان نەبووه  بۆ هيچ كەناڵ و پەيجێك و ئەو تۆمارە دەنگییەی بەناوی ئێمەوە بڵاوکراوەتەوە، بەهيچ جۆرێك راست نییە و ئێمە ئاگاداری نین".
 
لە رۆژانی رابردوودا لە سۆشیال میدیای کوردستان، دەنگێک بەناوی توانا حوسێن، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی نەورۆز بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە ئەو سەرۆک دەستەیە هاندەرانی یانەی زاخۆ تۆمەتباردەکات بەدروستکردنی کێشە لە یارییەکەدا.
 
سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز دەڵێ، "هاندەرانی زاخۆ و خەڵکی زاخۆ برا و کەسی ئێمەن، ئەوەی لە یاریگەدا روویدا، کەسانی گێرەشێوێن بوون و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر برایەتی نێوانمان نابێت".
 
لە دوای یارییەکە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکانی پاش یارییەکە راگەیاند. فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، نیگەرانیی لە رووداوەکان دەربڕی و رایگەیاند لەسەر راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکە، لێکۆڵینەوە دەکات و بڕیار دەدات.
 
لە شەڕوپێکدادانی نێوان هاندەرانی هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ، چەندین کەس برینداربوون و لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەرکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە